بە ھەوڵی قوباد تاڵەبانی بڕێکی زۆر بەنزینی ٦٩٠ دیناری بۆ پارێزگای سلێمانی دابین دەکرێت
کوردسات نیوز
٣٠ی ئایاری ٢٠٢٢
ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی بەکوردسات نیوزی راگەیاند، لە چەند رۆژی ئایندەدا بڕێکی باش بەنزینی عێراقی لە جۆری ٦٩٠ دیناری دەگاتە پارێزگای سلێمانی ئەویش دوای ھەوڵەکانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە داوای لە حکومەتی فیدڕاڵی کردووە ئەو جۆرە بەنزینە بۆ پارێزگای سلێمانی دابین بکرێت.
قائیمقامی سلێمانی راشیگەیاند، ماوەیەکە ناردنی ئەو جۆرە بەنزینە بۆ سلێمانی راگیراوە پێشتر چەندین جار حکومەتی خۆجێی سلێمانی داوای کردووە ئەو بەنزینە بۆ سلێمانی بنێردرێت بەڵام بەھەر ھۆکارێک بێت دابین نەدەکرا.
دواجار بەھەوڵی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەغداد بەڵێنی داوە رۆژانە بڕێکی باش بەنزینی عێراقی لە جۆری ٦٩٠ دیناری بۆ پارێزگای سلێمانی دابین بکات.
ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی وتیشی، لە چەند رۆژی نزیکی ئایندەدا بەنزینەکە دەگاتە پارێزگای سلێمانی و لەڕێگەی وێستگەکانەوە بەسەر شۆفێراندا دابەشدەکرێت کە ھاوکارێکی باش دەبێت بۆ شۆفێران بەتایبەت شۆفێرانی ھێڵە گشتیەکان؛ پاس و تاکسی.
لە بارەی بەردەوامبوونی ناردنی ئەو جۆرە بەنزینە بۆ سلێمانی قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند، بەڵێن دراوە رۆژانە ناردنی ئەو جۆرە بەنزینە لە بەغدادەوە بۆ پارێزگای سلێمانی بەردەوام بێت بۆ ئەمەش سوپاسی ھەوڵەکانی جێگری سەرۆکی حکومەت قوباد تاڵەبانی دەکەین.