جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵێت ھیواخوازم دیداری گشتیی یەکێتی ھەوڵێک بێت بۆ نوێبوونەوەی توانا و قورسایی یەکێتیی و داڕشتنی سیاسەتێکی گونجاو کە لەگەڵ بارودۆخی ئەمڕۆی نێو کایەی سیاسیی ناوچەکە بگونجێت. 

دەقی پەیامەکەی جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان:

بەڕێوەچوون و سەرکەوتنی دیداری گشتیی یەکێتی لە ژێر دروشمی (نوێبوونەوە و چاکسازی) لەم کاتە پێویست و ھەستیارەدا بەرز دەنرخێنم لە پێناو زاڵبوون بەسەر کۆی ئەو بەربەست و ئاڵنگارییانەی کە بەرۆکی ھەرێمی کوردستان و ناوچەکەی بەشێوەیەکی گشتی گرتۆتەوە، ھەروەھا پیرۆزبایی خۆم لەدڵەوە ئاراستەی بەڕێز (بافڵ تاڵەبانی) دەکەم بە بۆنەی بوونی بە سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان، ھیوام سەرکەوتنی بەڕێزیانە لەو ئەرکە پڕ زەحمەتییەی کە لە ئەستۆیانە.

ھیواخوازم دیداری گشتیی یەکێتی ھەوڵێک بێت بۆ نوێبوونەوەی توانا و قورسایی یەکێتیی و داڕشتنی سیاسەتێکی گونجاو کە لەگەڵ بارودۆخی ئەمڕۆی نێو کایەی سیاسیی ناوچەکە بگونجێت و ببێتە ھۆکارێک بۆ دووبارە داڕشتنەوەی سیاسەت و دیدگای یەکێتیی بەرامبەر بە پرسە چارەنووس سازەکان، ئەنجامەکەی ئەو دیدارە ببێتە ھۆکارێک بۆ ڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکانی نێو حزب، لەو چوارچێوەیە دا کار بکرێت بۆ ئاشتکردنەوەی کەس و کاری شەھیدان و پێشمەرگە دێرینەکان و زیندانە سیاسییەکان و لایەنگرانی یەکێتی، چونکە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان حزبی ڕووبارێک خوێنی شەھیدان و جەماوەرێکی دڵسۆزە، ھەروەھا خاوەن خەباتێکی پڕ لەشۆڕشگێڕی و ئازایەتی بووە بە ڕابەرایەتی مام جەلال.

گرنگە ھەموومان بە یەکڕیزی و تەبایی ھاوکار بین بۆ بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و ھۆشیار، پاڵپشت بە کەسانی ئەکادیمی لە بوارە جیاوازەکان و بایەخدان بە گەنجانی ڕۆشنبیر و دڵسۆز بۆ خاک و نیشتیمان و بەشداری پێکردنیان بۆ نێو پڕۆسەی حوکمداری و دووبارە ڕێکخستنەوەی دامەزراوەکان، لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ڕێگریکردن لە بەھەدەردانی سامانی نیشتیمان و گەڕاندنەوەی بۆ خزمەتی گشتیی و دابینکردنی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک و جەماوەر.