بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، دوای ئەوەی دوو ھاوڵاتی لە بنکەی پۆلیسی بەختیاری سکاڵای یاساییان تۆمارکرد، بەھۆی ئەوەی تەقە لەماڵەکەیان کراوە، دەستبەجێ ھێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکرد و کەشف ‌و ھێڵکاریی بۆ شوێنی ڕووداوەکە ئەنجامدراو دەرکەوت کە ئاسەواری فیشەک بەخانووەکەوە بووە. 

راشیگەیاند، پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی بەختیاری بەھاوکاری بنکەی پۆلیسی چوارچرا، توانیان دوو تۆمەتبار بەناوەکانی (ە ک م) لەدایکبووی  ١٩٦٩ (پ خ ح) لەدایکبووی  ١٩٨٩ دەستگیربکەن، لەکاتی دەستگیرکردنیاندا، دەستیشگیرا بەسەر ئوتۆمبێلێک و چەکێک لەجۆری دەمانچە کە بە تۆمەتباران بووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەردوو تۆمەتبار لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانیان بەتاوانەکەیاندا ناوەو، لەلێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە کە تۆمەتباران بەھۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە لەگەڵ سکاڵاکاران ئەو تاوانەیان ئەنجامداوە و لە ئێستادا ھەردوو تۆمەتبار بەبڕیاری دادوەر ڕاگیراون ‌و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.