وەفدێکی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لەگەڵ یەکێتی کۆدەبێتەوە
٢٩ی ئایاری ٢٠٢٢
ئەمڕۆ ٢٩ی ٥ی٢٠٢٢ وەفدێکی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا کە پێکھاتبوون لە ئۆلیڤەر دیکسن بەرپرسی دیسکی عیراق لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، و جەیمس چارلتن بەرپرسی بەشی سیاسی لە کونسولخانەی بەریتانیا لە ھەولێر و وەفدی ھاورێیان سەردانی مەکتەبی پەیوەندیەکانیان کرد و لەلایەن ئەمین بابەشێخ ئەندامی مەکتەبی سیاسی ولێپرسراوی مەکتەبەوە پێشوازیان لێکرا.
لە کۆبوونەوەیەکدا چەندین تەوەرو پرسی گرنگ گفتوگۆیان لەبارەوە کراو ھەردوولا تەئکیدیان لە سەر پێویستی بەھێزکردنی پەیوەندیەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەریتانیا کردەوە، کە لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندیە ھاوبەشەکانی ھەردوولابێت.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا باسلە بارودۆخی ئەمنی ناوچەکە و مەترسی پاشماوەکانی داعش کرا، ھەردوولا تەئکیدیان لە بەردەوامی ھاوکاریە ئەمنی و سەربازیەکان کردەوە لەنێوان ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و رۆڵی بریتانیاش لە چوارچێوەی ئەو ھاوپەیمانێتیەدا بەرزنرخێندرا.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەشدا، ھەڵوێستی ڕوون ئاشکرای یەکێتیی لەسەر کۆی پرسە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان و بەغداد خرانە ڕوو، ھەردوولا ئاماژەیان بەو راستیەدا کە پێویستە تەواوی پرسە سیاسیەکانی وەک پێکھێنانی حکومەتی عیراقی فیدرال و کێشەی ناوچەکێشە لەسەرەکان و ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی دانوستان و گفتوگۆو بە پێی دەستور چارەسەر بکرێن.