دوای نزیکەی ٦ مانگ لەکاری بەردەوام، دیداری یەکێتی لەژێر دروشمی "نوێبوونەوە و چاکسازی" لە سلێمانی دەستیپێکرد و لە دووەم رۆژدا کۆبوونەوەی لیژنەکانی دیداری یەکێتی بەڕێوەدەچێت.

لیژنەکان تاوتوێی راپۆرت و پێشنیاز و رەخنە و راسپاردەی کادر و لایەنگرانی یەکێتی و پسپۆڕان دەکرێت و دوای کۆکردنەوە و یەکخستن و پوختەکردنی ئەو پێشنیاز و راسپاردانە، ئاڕاستەی لیژنەی باڵای دیداری یەکێتی دەکرێت.

دیدارەکە لە لایەن ١٤ لیژنەوە پێداچوونەوە بە سەرلەبەری سیاسەتەکانی یەکێتیدا دەکات و پلان و سیاسەتی نوێی سەردەمیانە دادەڕێژرێتەوە کە بگونجێت لەگەڵ خواست و داواکارییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.

بۆ یەکەم جارە لە کوردستان حزبێک بە بەشداری ھەموو کادر و ئەندامەکانی پێداچوونەوە بە سەرلەبەری سیاسەتەکانیدا دەکات و لە رێگەی  لیژنەکان و پڕۆژە پێشنیازکراوەکان دوای شەن وکەوکردنیان رێکدەخرێنەوە و پێشکەش بە سەرکردایەتی دەکرێت.

ئامانجی سەرەکی لە دیداری یەکێتی، نوێبوونەوە و چاکسازییە لە نێو یەکێتیدا، بە جۆرێک کە کادیرانی یەکێتی تیایدا بەشداریی دەکەن و داواکاری و پێشنیارەکانیان دەخەنە ڕوو.