گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل دەکرێت بە ناچاری
کوردسات نیوز
٢٩ی ئایاری ٢٠٢٢
لیوا عەبدولقادرعەزیز بەڕێوەبەری گشتیی ھاتوچۆی ھەرێم رایگەیاند، "بڕیاردراوە ھەر ھاووڵاتییەک مامەڵەی گواستنەوەی خاوەندارێتی بۆ ئۆتۆمبێلەکەی بکات یاخود ساڵانە نوێبکاتەوە، دەبێت تابلۆکەی بگۆڕێت و تابلۆ نوێیەکە بۆ ئۆتۆمبێلەکەی وەربگرێـت."
ئاماژەی بەوەشکرد "ئێستا ناتوانرێت تابلۆ کۆنەکە چاپ بکرێت بۆیە بڕیاردراوە ئەو کەسانەی ئەو مامەڵانەیان ھەیە راستەوخۆ تابلۆی ئۆتۆمبێلەکەیان بگۆڕن بە شێوازە نوێیەکە، رسوماتی گۆڕینی تابلۆکە لە ھەرێمی کوردستان بریتی دەبێت لە ٧٥ ھەزار دینار."
ھەروەھا موقەدەم بەختیار محەمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا، رایگەیاند، بڕیاردراوە کە مامەڵەی ئەو تابلۆیانەی رسوماتەکەی دوو ملیۆن دینارە بەکاتی رابگیرێت ھۆکارەکەشی بۆ مەترسی دروستبوونی رووداوی نەخوازراو لەکاتی دروستبونی قەرەباڵغی گەڕاندووەتەوە.
باسی لەوەشکرد، راگرتنرکر بەشێوەیەکی کاتییە، تاوەکو ئەو کاتە دەبێت کە میکانزمێکی گونجاوتر لە بەرژەوەندی ھاووڵاتیان دەدۆزرێتەوە.
سەبارەت بە زیادکردنی نرخی رسوماتی گۆڕینی ژمارەی ئاسایش لە ٦٠ ھەزارەوە بۆ ٧٥ھەزار، موقەدەم بەختیار رایگەیاند: زیادکردنی ئەو بڕە بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ بووە و ئێمە تەنھا لایەنی جێبەجێکارین.
لە ئێستادا گۆڕینی تابلۆ تەنھا بۆ گواستنەوەی خاوەندارێتی ساڵانە و نوێکردنەوەی ساڵانەی ئۆتۆمبێلی تایبەت دەبێت.
بەڕێوبەرایەتی ھاتوچۆی پارێزگای سلێمانی لە رۆژی ٨ی ئایاری ٢٠٢٢ دەستبەکاربوو لە گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل بەتابلۆی نوێیی یەکگرتوو لە ھەرێمی کوردستان و عێراقدا.