خۆپیشاندەران کۆنفرانسێکی رۆژنامەوەنیان ساز کرد و رایانگەیاند، لە خۆپیشاندان بەردەوام دەبن تاوەکو داواکارییەکانیان جێبەجێدەکرێت، دەشڵێن لەسەر تێچووی خەڵک پرۆژەکە راگەیەنراوە و بە ناتەواوی جێھێڵدراوە.

خۆپیشاندەران دروشمی " پرۆژەکانی خۆتان تەواو دەکەن و پرۆژەی ھەژاران تەواو ناکەن"یان بەرزکردەوە و دەڵێن سێ جار لیژنە بۆ تەواوکردنی پرۆکە دامەزراوە و ھەڵوەشاوەتەوە.

لە ساڵی ٢٠١٠ پرۆژەی وەرین ستی لە کەرتی ٩٠ی پیرزین درا بە وەبەرھێنەرێک و رووبەری ٣٥٠ دۆنم زەوی بۆ تەرخانکرا، بەڵام وەبەرھێنەرەکە پڕۆژەکەی تەواو نەکرد و پارەیەکی زۆری خەڵک و بەڵێندەرانیشی برد.

ھەمان ساڵ وەبەرھێنەری پرۆژەکە بۆ ماوەیەک لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیر کرا، دواتر پڕۆژەکە رادەستی کەسێکی دیکە کرا، بەڵام ئەویش پارەیەکی زۆری خەڵک و بەڵێندەرانی خوارد و تا ئێستا پرۆژەکە بە تەواونەکراوی جێھێڵدراوە.