دووەم رۆژی دیداری یەکێتی بە دروشمی 'نوێبوونەوە و چاکسازی' بەڕێوەدەچێت
کوردسات نیوز
٢٩ی ئایاری ٢٠٢٢
دیدارەکە لە لایەن ١٤ لیژنەوە پێداچوونەوە بە سەرلەبەری سیاسەتەکانی یەکێتیدا دەکات و پلان و سیاسەتی نوێی سەردەمیانە دادەڕێژرێتەوە کە بگونجێت لەگەڵ خواست و داواکارییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
بۆ یەکەم جارە لە کوردستان حزبێک بە بەشداری ھەموو کادر و ئەندامەکانی پێداچوونەوە بە سەرلەبەری سیاسەتەکانیدا دەکات و لە رێگەی لیژنەکان و پڕۆژە پێشنیازکراوەکان دوای شەن وکەوکردنیان رێکدەخرێنەوە و پێشکەش بە سەرکردایەتی دەکرێت.
ئامانجی سەرەکی لە دیداری یەکێتی، نوێبوونەوە و چاکسازییە لە نێو یەکێتیدا، بە جۆرێک کە کادیرانی یەکێتی تیایدا بەشداریی دەکەن و داواکاری و پێشنیارەکانیان دەخەنە ڕوو.
قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری دیداری یەکێتی لە دەستپێکی دیدارەکەدا رایگەیاند، دیدارەکە بۆ تەواوکردنی ئەو ئەرکانەیە کە بە کۆنگرەی چواری یەکێتییەوە گرێدراون، ھەروەک باسی لە کۆی ئەو ئاستەنگە گەورانە کرد کە لەماوەی ١٥ ساڵدا رووبەرووی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بووەتەوە، بەڵام دواجار یەکێتی ھەموویانی تێپەڕاند، وتیشی دیداری یەکێتی یەکێکە لە وێستگە گرنگەکانی مێژووی یەکێتی و داھێنانێکی نوێشە، کە حزبێک دەیەوێت بە بەشداریی ھەموو کادیر و ئەندامانی پێداچوونەوە بە سەرلەبەری سیاسەتەکانییدا بکات.
ھەر لە دیدارەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆک یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، باسی لەوەکرد، ئەگەر کۆنگرەیەکی تەواویش بکرایە، دیداری یەکێتی ھەر پێویست دەبوو، وتیشی، یەکێتی دەکەنەوە بە یەکێتییەکەی مام جەلال.
دیداری یەکێتی تاوتوێ کردنی واقعی ئێستای یەکێتی و ناسنامەکەی، بۆ نوێکردنەوەی گوتاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانییەتی، بۆ ئەوەی بە دیدگایەکی نوێوە ئامادەبێت ئەرکەکانی سەرشانی جێبەجێ بکات و سەرەنجام باشتر خزمەتی کۆمەڵانی خەڵک و خاکی کوردستان بکات، و سبەینێیەکی باشتر و کوردستانێکی ئاوەدان بۆ ھەمووان، بێ جیاوازی، فەراھەم بکات.