رێبەری باڵای ئێران جەختدەكاتەوە وڵاتەكەی بەدوای شەڕدا ناگەڕێت بەڵام دەستبەرداری مافەكانیشی نابێت.
موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران پەیامێكی بەبۆنەی چلەی ماتەمینی رابەری پێشوو بڵاوكردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەكرد، گەلی ئێران لە جەنگی دژی ئەمریكا و ئیسرائیل سەركەوتوو بووە و ئێستا خەریكە دەبێتە زلهێزێكی ناوچەیی، وتیشی، دوژمنە خۆبەزلزانەكانیان تا دێت لاوازتر دەبن.
باسی لەوەشكرد، واز لەوانە ناهێنین كە هێرشیان كردووەتە سەریان و داواش دەكەن سەرجەم ئەو زیانانەی پێیان گەیەنراوە قەرەبوو بكرێنەوە.
موجتەبا خامنەیی ئەوەشی خستەڕوو، خۆبەزلزانەكان لەڕێگەی كوشتن و ستەمكارییەوە رووخساری ناشیرینی خۆیان نیشاندا و بەدرێژایی 40 رۆژ دەستیان لە كوشتنی تەنانەت منداڵانیش نەپاراست.
رێبەری باڵای ئێران جەختیشیكردەوە، ئێران بەدوای شەڕدا ناگەڕێت، بەڵام دەستبەرداری مافەكانیشی نابێت، پێداگریش دەبێت لەسەر تۆڵەكردنەوەی كوژرانی رابەری پێشوو.