نێچیرڤان بارزانی: پێویستە دەستوەردانی حزبی لە ناو ھێزەکانی پێشمەرگە کۆتایی بێت
کوردسات نیوز
٢٦ی ئایاری ٢٠٢٢
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی دەرچووانی کۆلێژی سەربازی زاخۆ رایگەیاند، مەترسییەکانی داعش ھێشتا ماوە و ھێرشەکانی زیاتربوون بەتایبەت لە ناوچە جێناکۆکەکان و بوونەتە بنکەیەک بۆ تیرۆریستانی داعش و شوێنی خۆرێکخستنیان، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆسەر ھەرێمی کوردستان و ھەموو عێراق و جیھان، بۆیە کاری ھاوبەشی سوپای عێراق و ھێزی پێشمەرگە و دەستبەکاربوونی بەپەلەی ھەردوو لیوای ھاوبەشی سوپا و پێشمەرگە زۆر پێویستە.
وتیشی، داواکارن لە ھاوپەیمانان و حکومەتی فیدراڵ زیاتر ھاوکاری پێشمەرگە بن بە مەشق و راھێنان و ئامێر و چەکی پێشکەوتوو، چونکە لە ئێستادا پشتیوانی پێشمەرگە زۆر پێویستتر لە جاران.
لەبارەی دەستوەردانەکان لە ناو ھێزی پێشمەرگە نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، پێویستە دەستوەردانی حزبی لە ناو ھێزەکانی پێشمەرکە کۆتایی بێت، چونکە بوونی ئەو دەستوەردانە وادەکات بەردەوام مەترسی لەسەر ھێزی پێشمەرگە ھەبێت لە کاتی ناکۆکییە حزبی و سیاسییەکاندا ئەوەش مەترسییەکی جدییە لەسەر پرۆسەی دیموکراسی.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان وەک فەرماندەی گشتی ھێزی پێشمەرگە پشتیوانی لە ھەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی بۆ یەکخستنی پێشمەرگە دووپاتکردەوە.