لەسەر مردنی ژنێک لەکاتی نەشتەرگەری منداڵبوون روونکردنەوە دەدرێت
کوردسات نیوز
٢٥ی ئایاری ٢٠٢٢
کارگێڕی نەخۆشخانەی لایف لە کەلار لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت، پزیشکی نەشتەرگەر ھەتا ئەو کاتەی کۆچکردو ڕەوانەی پزیشکی داد کراوە بە دیاریەوە بووە و دەنگۆی راکردنەکەی دوورە لە راستییەوە.
لە روونکردنەوەکەی نەخۆشخانەی لایفدا هاتووە، منداڵەکە بە سەلامەتی لەدایکبووە، بەڵام لە دوای نزیکەی نیو سەعات نەخۆشەکە بارودۆخی تەندروستی تێک چووە و پاش ھەوڵێکی زۆر بۆ بەزیندوو مانەوەی گیانی لەدەست داوە.
دەقی روونکردنەوەکە:
کارگێڕی نەخۆشخانەی لایف...
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە،ئەمشەو ھاوڵاتیەک لە نەخۆشخانەکەمان کۆچی دوایی کرد.
خەمبارین بە لەدەستدانی ئەو خاتونە بەڕێزە و بەشداری خەمی خانەوادە بەڕێزەکەیانین.
ئێمە وەک نەخۆشخانەی لایف، چاوەڕوانی دەرئەنجامی بەڕێز لیژنەی پزیشکی دادوەرین و بەتەواوی پابەند دەبین پێوەی.
لە ئەگەری ھەبوونی ھەر کەم و کورتییەک لە نەخۆشخانەکەمان کە ھۆکاری گیان سپاردنی ئەو خاتونە بەڕێزە بوبێت،ئامادەی ھەر ڕێکارێکی یاسایین کە بەرامبەرمان بگیرێتە بەر.
بە پێویستمان زانی ڕاستیەکان ڕونبکەینەوە بۆ ڕای گشتی.
بەداخەوە ئەوەی دەگوترێت ئەو خاتونە لە کاتژمێر چواری ئێوارە کۆچی دوایی کردوە و لە کاتژمێر نۆ بە خانەوادەی وتراوە زۆر دورە لە ڕاستییەوە،لە کاتژمێر(٧:٠٠) حەوتی ئێوارە وەکو نەخۆشی گەرم (گواری) فایلی بۆ کراوە و لە (٧:٣٠ )حەوت و سی خولەک چارەخوازەکە براوەتە ھۆڵی نەشتەرگەری و منداڵەکەی بە سەلامەت لەدایک بوەو پاش نیو کاتژمێر منداڵەکە بە تەندروستییەکی باشەوە لەدایک بووە. پاشان بەداخەوە نەخۆشەکە بارودۆخی تەندروستی تێک چووە و پاش ھەوڵێکی زۆر بۆ بەزیندوو مانەوەی بە داخەوە لە کاتژمێر ( ٨:٤٥ )ی شەو گیانی سپارد.
سەبارەت بە ڕاکردنی پزیشکی نەشتەرگەر، بە ھەموو لایەکی ڕادەگەیەنین کە پزیشکی بەڕێز تا ھەتا ئەو کاتەی کۆچکردو ڕەوانەی پزیشکی داد کراوە بە دیاریەوە بووە.
بۆ دەرئەنجامیش چاوەڕێی لیژنەی پزیشکی دەکەین و پابەند دەبین بە تەواوی بڕیارەکانی.