قوباد تاڵەبانی راگەیەندراوێکی لەبارەی پرسی ژینگە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دەبێت حکومەتی داھاتوو لە کارنامەی خۆیدا بەڵێن بدات پلانی زانستی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ژینگە ئامادە بکات و ساڵانە بودجەی پێویستی بۆ تەرخان، بەپێچەوانەوە دەبێت یەکێتی ئامادە نەبێت دەنگ بەو کابینەیە بدات.

قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، " داوا لە سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکەم، بەخۆشمەوە، دەستپێشخەربین و پرسی ژینگە، لەپاڵ داواکارییە رەواکانی تری وەک بودجە و موچە و پێشمەرگە و قەرەبوی کەس و کاری شەھیدان و ئەنفالکراوان…ھتد، بە فەرمی بکەینە مەرج بۆ دەنگدان بە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق."

قوباد تاڵەبانی داواش لە چالاکوانان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی عێراقی و کوردستانی و میدیاکانیش دەکات گرنگی زیاتر بە پرسی ژینگە بدەن و فشارەکانیان لەسەر لایەنە سیاسییەکان چڕ بکەنەوە تا بابەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی ژینگە بخەنە ئەولەوییەتی کاری سیاسی و حکومڕانییەوە.

دەقی راگەیەندراوەکەی قوباد تاڵەبانی:

پرسی ژینگە وەک ئەولەوییەت

مەترسییە ژینگەییەکان بەگشتی و خۆڵبارین بەتایبەتی، ساڵ لە دوای ساڵ بەرەو خراپتر دەڕوات، ئەمساڵیش خراپتر لە ھەر ساڵێکیتر کە لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا ھەفتەیەک نەبووە چەند رۆژ خۆڵبارین نەبووبێت. 
کێشەی ژینگە تەنھا خۆڵبارین نییە، کێشەی ئاویش کێشەیەکی سەرەکی عێراقە و بەپێی راپۆرت و توێژینەوە زانستییەکان لەوانەیە قەیرانی ئاو لە داھاتوودا ببێتە ھۆکار بۆ ئاڵۆزی و نا ئارامی و پێکەوەژیانیش بخاتە مەترسییەوە. ئەمانە و کۆمەڵێک مەترسی دیکەی ژینگەیی..

بەڵام ئەوەی جێی داخ و نیگەرانییە، پرسی ژینگە بەم ھەموو مەترسییەوە تا ئێستا نەبووەتە پرسی سیاسەت. ھیچ لایەنێکی عێراقی ئەم پرسەی نەخستووەتە ئەولەوییەتی دووەم و سێیەمیشیەوە. لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا لە پرۆسەی دانووستانەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراقدا لایەنەکان دونیایەک مەرجیان لەسەر یەکتر داناوە و لەسەر پۆست و ئیمتیاز و بچوکترین شتەکان ململانێی توند دەکەن، کەچی ھیچ لایەنێک پرسی چارەسەرکردنی کێشەی ژینگە و خۆڵبارینی نەکردوەتە مەرج، لە کاتێکدا ئێستا ئەم کێشەیە کێشەیەکی سەرەکی خەڵکی عێراق و کوردستانە و ژیانی خەڵکی تاڵ کردوە.

لەناو ئەم خەمساردییە سەرتاپاگیرەوە دەبێت لە شوێنێکەوە ھەنگاوبنێین بۆ کۆتاییھێننان بەم خەمساردییە. ھەربۆیە داوا لە سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکەم، بەخۆشمەوە، دەستپێشخەربین و پرسی ژینگە، لەپاڵ داواکارییە رەواکانی تری وەک بودجە و موچە و پێشمەرگە و قەرەبوی کەس و کاری شەھیدان و ئەنفالکراوان…ھتد، بە فەرمی بکەینە مەرج بۆ دەنگدان بە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و ئەگەر حکومەتی داھاتوو لە کارنامەی خۆیدا بەڵێن نەدات پلانی زانستی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ژینگە ئامادە بکات و ساڵانە بودجەی پێویستی بۆ تەرخان نەکات، فراکسیۆنی یەکێتی ئامادە نەبێت دەنگ بەو کابینەیە بدات.

داواش لە چالاکوانان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی عێراقی و کوردستانی و میدیاکانیش دەکەم گرنگی زیاتر بەم پرسە بدەن و فشارەکانیان لەسەر لایەنە سیاسییەکان چڕ بکەنەوە تا بابەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی ژینگە بخەنە ئەولەوییەتی کاری سیاسی و حکومڕانییەوە.

کاتی ئەوەش ھاتووە خۆشمان لەسەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان گرنگی زیاتر بە کێشە ژینگەییەکان بدەین.

دەسەڵات و دەسەڵاتدارەکان دێن و دەڕۆن، بەڵام نیشتمان و خەڵک لەسەر شوێنی خۆیان دەمێننەوە، نیشتمان و ژینگە بۆ نەوەکانی داھاتووشە و نابێت رێگە بدرێت ژینگەیەکی وێران بۆ نەوەکانی داھاتوو جێ بمێنێت.