بانکی یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکا دوای سێ ساڵ بۆ یەکەمجار رێژەی سودی بانکی بەرزکردەوە.
بانکی یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکا ئاشکرایکرد، لە چوارچێوەی هەوڵەکانیدا بۆ رووبەڕووبوونەوە و کۆنتڕۆڵکردنی هەڵئاوسانی بەرزی ئابوری، بۆ یەکەمجار لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا رێژەی سوودی بانکی بە 25 خاڵ بەرزکردەوە، ئەوەش بڕیارێکە پێدەچێت کاردانەوەی توندی کۆشکی سپی لێبکەوێتەوە.
بەپێی بڕیارەکەی ئەنجومەنی یەدەگی فیدراڵی، رێژەی سوودی بانکی بەبڕی 0.25% بەرزکراوەتەوە و ئاستی سودی سەرەکی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەیشتووەتە نزیکەی 3.9%، کە ئەمەش بەپێی کات دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووی وەرگرتنی قەرزی خانووبەرە، ئۆتۆمبێل.
لە چوارچێوەی پێشبینییە وەرزییەکانیدا، ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆمیسیۆنی بازاڕی ئازادی بەرپرسیار لە سیستمی نەقدی، پێشبینی دەکات لە کۆتایی ئەمساڵدا بۆ جارێکی تریش رێژەی سود بەرزبکاتەوە بۆ ئاستی 4.1%.
لە ڕاگەیەنراوێکدا بانکی ناوەندی ئەمریکا ئەوەی خستووەتەڕوو،"ئەم هەنگاوەی ئەمڕۆ دەبێتە هۆی خێراکردنەوەی گەڕانەوە بۆ ئامانجی دیاریکراوی هەڵئاوسان کە بە 2% دەستنیشانکراوە".
ئەم بڕیارەی بانکی فیدراڵی لە کاتێکدایە کە هاووڵاتیانی ئەمریکا بەدەست بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک، سوتەمەنی و خانوبەرەوە دەناڵێنن و توانای کڕین بووەتە بابەتێکی هەستیار.