بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێک ئاڕاستەی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان دەکات
کوردسات نیوز
١٥ی ئایاری ٢٠٢٢
دەقی پەیامەکە...
بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستانەوە پیرۆزباییەکی گەرم ئاڕاستەی مامۆستایانی کوردستان دەکەم و ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.
ئەمڕۆ بە ڕێزەوە یادی ھەموو ئەو مامۆستا تێکۆشەر و ماندوونەناسانە دەکەینەوە کە رۆڵێکی گرنگ و کاریگەریان گێڕاوە لە مێژووی خەباتی سیاسیی گەلەکەمان و ھاوشانی پێشمەرگە قارەمانەکان قوربانیی گەورەیان داوە لەپێناو خاکی کوردستان. مێژووی شکۆداری مامۆستایان لە پێشخستی رەوتی خوێندن و پەروەردەکردنی نەوە یەک لەدوای یەکەکانی کوردستان لەبیر ناکەین و لەبەردەم ئەو مێژووە زێڕینەدا سەری ڕێز دادەنەوێنین.
لە ساڵانی رابردوودا مامۆستایانی خۆشەویستی کوردستان بە دۆخێکی سەختی داراییدا تێپەڕین، بەڵام بە دڵسۆزی و پشوودرێژی خۆیان بەردەوامییان بە رەوتی خوێندن داوە و بەردەوامبوون لە پرۆسەی فێرکردن و دروستکردنی نەوەیەکی نوێخواز. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرامبەر ئەو ھەڵوێستە جوامێرانەیە وەفادار دەبێت و بەڵێنتان پێدەدەین ھەموو ھەوڵێک بدەین لەپێناو دەستەبەرکردنی مافەکانتان.
ھەر شاد و سەرفرازبن
بافڵ جەلال تاڵەبانی
١٥ی ئایاری ٢٠٢٢