مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی: فەرھەنگی ناپەسەندی سزادانی سلێمانی نەگوازنەوە بۆ ناو میدیاش
کوردسات نیوز
١١ی ئایاری ٢٠٢٢
مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی دەڵێت "ھیوادارین چالاکییە میدیاییەکان و بەڕێوەبردنی کۆنگرە رۆژنامەنووسیەکانیش بە دەردی حکومرانی نەچێ و فەرھەنگی ناپەسەندی سزادانی سلێمانی نەگوازنەوە بۆ ناو میدیاش."
دەقی روونکردنەوەکەی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان:
رونکردنەوەیەک لە مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە
ئەمڕۆ ١١-٥-٢٠٢٢ سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی بەست، بەڵام نوسینگەی راگەیاندن و تیمەکەی سەرۆکی حکومەت ململانێ سیاسیەکان و سزادانی سلێمانیان گواستەوە بۆ شەڕی مایکەکان و کەناڵەکانی کوردسات، گەلی کوردستان و راگەیاندنەکانی تری یەکێتی، ھەروەک ئەو کەناڵانەشیان بایکۆتکرد کە پەخشی سەرەکیان لە سنووری سلێمانییە، ئەو رەفتارە جگە لەوەی پێچەوانەی نەریتی دروستی نیشتمانیی حکومڕانی و بەرێوەبردنە، ھاوکات پێچەوانەی یاسای کاری رۆژنامەنووسیشە کە ئاستەنگی لەبەردەم کاری رووماڵ و مافی بەدەستھێنانی زانیاری ڕەتدەکاتەوە دروست پێشینەیەکی خراپیشە بە ئاراستەی بەرتەسککردنەوەی زیاتری ئازادی کاری راگەیاندن .
ھیوادارین چالاکییە میدیاییەکان و بەڕێوەبردنی کۆنگرە رۆژنامەنووسیەکانیش بە دەردی حکومرانی نەچێ و فەرھەنگی ناپەسەندی سزادانی سلێمانی نەگوازنەوە بۆ ناو میدیاش.



