بافڵ جەلال تاڵەبانی و جۆن برێنن، فەرماندەی گشتیی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق و سوریا کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەبارەی ھەماھەنگیی نێوان دەزگا ئەمنییەکانی ھەرێم و عێراق کرا و ستراتیژی نوێی رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعش تاوتوێکرا.

لە ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا ھاتووە "لە دیدارێکدا کە وەھاب ھەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی ھێزەکانی دژەتیرۆر ئامادەیبوو گفتوگۆ لەبارەی ھەماھەنگیی نێوان دەزگا ئەمنییەکانی ھەرێم و عێراق کرا و ستراتیژی نوێی رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعش تاوتوێکرا."

لە دیدارەکدا جەخت لە فراوانکردنی پەیوەندی و ھاریکارییە سەربازی و ھەواڵگرییەکان کرایەوە لە نێوان ھەرێم، عێراق و ھێزەکانی ھاوپەیمانان لەپێناو زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و پاراستنی سەقامگیری و ئاسایش لە وڵاتدا.

لە بەرامبەردا بافڵ جەلال تاڵەبانی باسی لە جموجۆڵی پاشماوەکانی داعش کرد لە عێراق بەتایبەت لە ناوچە دابڕێندراوەکانی کوردستان و ئاماژەی بەوەکرد، ھەماھەنگی نێوان ھێزەکانی ھەرێم و عێراق، کردەی سەربازیی ھاوبەش و چالاککردنی ژووری ئۆپەراسیۆن، فاکتەری گرنگی پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکەن و بۆ ئەمەش پێویستمان بە لێکتێگەیشتن و ستراتیژی ھاوبەش ھەیە. دەبێت ھەماھەنگییەکان بەردەوامبن و ھەموو ھەوڵەکانمان لەپێناو پاراستنی ژیان و ئارامیی خەڵکدا بێت.