ھۆشیار عومەر عەلی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە میدیای حزبەکەی راگەیاند، بەشداری بزوتنەوەی گۆڕان لە کابینەی نۆ لەسەر بنەمای رێککەوتنێک بوو کە لە ماوەی دوو ساڵ و نۆ مانگی رابردوودا جێبەجێنەکراوە، ھەر بۆیە جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەکەیان بڕیاری کشانەوەی لە حکومەت داوە و تەنھا کات و جێبەجێکردنی بڕیارەکە ماوە. ئەندامەکەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان وتیشی، 
یەکێک لە خاڵەکان ئەوەبوو داھات روون و ئاشکرا بێت، بەڵام روون نەبوو، بەتایبەت دەستەی داھاتە نەوتی و گازییەکان کە بڕیار بوو دروستبکرێت، بەڵام پارتی نەیھێشت دروست بکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی رێککەوتنەکە دەبوایە پەرلەمان بەھێزبوایە و بە ئەرکی خۆی ھەستایە بەڵام پەرلەمانیان لاواز کرد و رێزیشیان لە ئازدییەکان نەگرت، بۆیە ئەم بڕیارەیان داوە.
ھاوکات ھۆشیار عومەر بڕیارەکەی جڤاتی نیشتمانی بۆ کشانەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە حکومەت بۆ کوردسات نیوز پشتڕاستکردووە.
 بزوتنەوەی گۆڕان یەکێک لە لایەنە سەرەکییە بەشدارەکانی کابینەی نۆ و پۆستی سێ وەزارەتی وەرگرتووە.