بۆ ڕێگرتن لە گزی و نەھێشتنی گومان فۆڕمی سۆما وێنەی خوێندکاری لەسەر دەبێت
کوردسات نیوز
١٠ی ئایاری ٢٠٢٢
دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی ڕایگەیاند، لە سنوری پەروەردەی سلێمانی ٣١ ھەزار خوێندکار بەشداری تاقیکردنەوەکان دەکەن و ٧٧٢ ھۆڵ دابینکراوە و فۆڕمی سۆما بۆ خوێندکار ڕاکێشراوە و ڕێنماییەکانی تەندروستیش جێبەجێدەکرێن.
وتیشی، جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو، ئەمساڵ دوای ١١ ڕۆژ لە تەواوبوونی خولی یەکەم، تاقیکردنەوەی خولی دووەم بەڕێوەدەچێت.
سەبارەت بە تاقیکردنەوەی پۆلی ١٢ی ئامادەیش بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی ئاشکرایکرد، لە ٢٧ی ٦ تاقیکردنەوەکانیان دەستپێدەکات و ھەفتانە دوو تاقیکردنەوە دەکرێت.
جەختیشیکردەوە، ھەموو ڕێگەیەک بۆ نەھێشتنی شک و گومان لەسەر تاقیکردنەوەکان گیراوەتە بەر و ئەمساڵ فۆڕمی سۆما وێنەی خوێنکارەکەی لەسەر دەبێت.
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی ڕاشیگەیاند، بەھۆی نەبوونی پارەی نەختینە لە بانکەکاندا، تەنھا پارەی مانگی دووی وانەبێژان خەرجکراوە و بۆ مانگی ئاداریش لیستییان ئامادەکردووە و ھەر کاتێک پارە لە بانکەکاندا ھەبێت بۆیان خەرج دەکرێت.



