ئازاد محەمەد: دەبێت مووچە لە داھاتی نەوت دابەشبکرێت
کوردسات نیوز
٩ی ئایاری ٢٠٢٢
لەبارەی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران لە پارێزگای سلێمانی ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە بەرنامەی پانۆرامای کوردسات نیوز رایگەیاند، تاوەکو ئەم شێوازی تەرخانکردنی بودجەیە بۆ مووچە ھەبێت دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە لە سلێمانی بەردەوام دەبێت، چونکە بەشێک لە مووچەی فەرمانبەران لەسەر داھاتی ناوخۆی سلێمانی دابەشدەکرێت و مانگانە کورتھێنان لەو داھاتە دروست دەبێت، ھەر بۆیە کێشەکە بەردەوام دەبێت، بۆ چارەسەرکردنی ئەم کیشیە پێویستە پارەی مووچە لە داھاتی نەوت دابینبکرێت.
وتیشی ئەوەیە ھەیە بەرنامەیەکی دارێژراوە و حکومەتی ھەرێمی کوردستان جیاوازی لە نێوان پارێزگاکان دەکات، چونکە ئەوەی لە سلێمانی ھەیە لە پارێزگاکانی تر نییە و بە داھاتی نەوت و ٢٠٠ ملیارەکەی بەغداد دەتوانرێت بەبێ گرفت مووچە دابەشبکرێت.
لەبارەی داھاتی سلێمانی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رونیکردەوە، داھاتی سلێمانی وەکو خۆی کۆدەکرێتەوە، بەڵام ئاستەنگی بۆ دروستکراوە و لەماوەی رابردووشدا لیژنەیەکی تایبەت لە وەزارەتی دارایی سەردانی بانکی ناوەندنی ھەرێمی لە سلێمانی و گەنجینەکان کردووە و لە بانکەکاندا چاودێری داھاتی پارێزگای سلێمانییان کردووە و لە راپۆرتی کۆتایی خۆیاندا ھیچ خاڵێکی تێدا نییە باس لەوە بکات داھاتی سلێمانی لەلایەن لایەنێکەوە دەستکاری کرابێت.
ئازاد محەمەد ئاشکراشیکرد، گەمارۆ خراوەتە سەر سلێمانی و لە چەندین رووەوە خەدر لە سلێمانی کراوە، بۆ ئەوەش دەتوانین چەندین بەڵگە پێشکەش بکەین، بۆیە کێتی تاسەر ئەو دۆخەی ئێستا ھەیە یەکێتی قبوڵی ناکات و نزیکبووەتەوە لە بڕیاری یەکلاکەرەوە، ھەر بڕیارێکیش یەکێتی بیدات جەماوەکەی لە گەڵیدایە و بڕیارەکەش پشستبەستە بە را و سەرنجی ھاوڵاتیان.



