لە چوارچێوەی هۆشدارییەکاندا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران شکستهێنانی ستراتیژییەکانی ئەمریکا لە بەرانبەر تاران و گەرووی هورمز دەخاتە ڕوو.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکی نوێدا هێرشی توندی کردە سەر سیاسەتەکانی واشنتۆن و هەڵوێستی وڵاتانی ناوچەکە و رایگەیاند، کە ئەمریکا نەیتوانیوە ئامانجە سەرەکییەکانی لەم جەنگەدا بپێکێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوەکردەوە، واشنتۆن هەم لە جەنگی سەربازی و هەم لە پڕۆژەی "گۆڕینی دەسەڵات" لە تاران شکستی هێناوە.
عراقچی ئاماژەی بەوەکرد، گەرووی هورمز بووەتە "شکستێکی تر بۆ دوژمن" و ئێستا تاران تاوتوێی پلانەکان دەکات بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبردنی گەرووەکە لە قۆناغی دوای جەنگ.
عراقچی وڵاتانی دراوسێی تۆمەتبار کرد بەوەی هاوکاریی ئەمریکایان کردووە لە دژی ئێران و تەنانەت ئامادە نەبوون ئیدانەی هێرشەکانیش بکەن، هۆشداریشی پێدان کە گوێڕایەڵی نەکردنیان بۆ هۆشدارییەکانی تاران، ئەوانی گەیاندووەتە ئەم ڕەوشە نەخوازراوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران داوای لە وڵاتانی ناوچەکە کرد، لە ئەمریکا دووربکەنەوە، چونکە بە وتەی ئەو، بەڵگەی تەواو لەبەر دەستە کە ئەو وڵاتانە لە جەنگی دژی ئێراندا هاوکاریی واشنتۆنیان کردووە.