چەند ڕۆژێکە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە لەنێو بەشێک لە ئەو برنجەی کە لەلایەن بریکارەکانی خۆراک دابەشدەکرێت کەڕو ھەیە و ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت بەدواداچوونی بۆ ئەو برنجە کردووە کە لەگەڵ بەشە خۆراکی مانگانە دەدرێت بە ھاوڵاتییان و دەرکەوتوە لەبەشێک لە فەردە برنجەکانی لای بریکارەکانی خۆراک کەڕو ھەیە.

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ڕایگەیاند، ئەو حاڵەتە تەنیا چەند فەردەیەک لە چەند ھەزار تەنێک ھەیە و ئەوە " ئاساییە و دەکرێت لە کاتی گواستنەوە یان عەمبار کردن ئەم حاڵەتە روو بدات.

وەزارەتی بازرگانی دەشڵێت، ئەو فەردە برنجانەی کە گومانی بوونی کەڕوو تێیاندا ھەبووە دابەش نەکراون و ھەموو کات ئەم خۆراکانە گەڕێندراوەتەوە و لەناوبراون.

وتیشی، "ھاوڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە ئەو بەشە خۆراکەی دابەش دەکرێت لە رێگەی بریکارەکان پێشتر پشکینینی بۆ دەکرێت و پاش دڵنیا بوون دابەش دەکرێت."