سکاڵا لە دژی نەگەڕانەوەی داھاتی دەروازەکانی حاجی ئۆمەران و ئیبراھیم خەلیل تۆمار دەکرێت
کوردسات نیوز
٩ی ئایاری ٢٠٢٢
کاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "ئەگەر ئەو داھاتەی لە دەروازەکانی حاجی ئۆمەران و ئیبراھیم خەلیل بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی، ئەوا داھاتی حکومەت زۆر زیاتر دەبێت."
کاروان گەزنەیی راشیگەیاند، لە ئێستادا نرخی یەک بەرمیل نەوت ١١٠ دۆلارە، بەڵام ئەگەر حکومەتی ھەرێم ئەو نەوتە بە ٧ دۆلار کەمتر لە نرخی بازاڕ بفرۆشێت ھێشتا رۆژانە نزیکەی ٤٨ ملیۆن دۆلاری بۆ دەمێنێتەوە.
وتیشی بێجگە لە داھاتی خاڵە سنوورییەکان و ھاوکاری ھاوپەیمانان و پارەکەی بەغدا، ئەو بڕە پارەیەی کە مانگانە دەست حکومەت دەکەوێت یەک ملیار و ٤٤٤ ملیۆن دۆلارە، "کەچی ھێشتا حکومەتی ھەرێمی کوردستان مووچە وەک مژدەیەک ڕادەگەیەنێت."
کاروان گەزنەیی دەشڵێت "ئەمڕۆ بە ڕێکاری یاسایی پەرلەمانی، سکاڵای یاساییمان تۆمار کرد تاوەکو ھیچ کەسێک، ھیچ گروپێک، ھیچ شەخسێک لەناو حیزبی سیاسی کوردستان نەبێتە مۆتەکە بەسەر سەری خەڵکی ھەرێمی کوردستان و داھاتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان نەدزێت."