لە کەرکووک لیژنەیەک لەسەر دەنگۆی 'نامەی نەشیاو'ی مامۆستایەک بۆ قوتابییەکەی پێکدەھێنرێت
کوردسات نیوز
٩ی ئایاری ٢٠٢٢
شێرزاد رەشید کاکە، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک، روونکردنەوەیەکی لە پەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبوک بڵاوکردەوە و دەڵێت بۆ سەلماندنی ڕاستی و دروستی بابەتەکە ئەمڕۆ لیژنەیەکی سەرپەرشتیاری ئامادەیی بۆ بەدواداچوون سەردانی قوتابخانەکە دەکات.
شێرزاد رەشید کاکە دەشڵێت لەھەندێ پەیج و سایت لە سۆشیال میدیا وا بڵاوکراوەتەوە کە گوایە مامۆستایەک لە ئامادەییەکی کچان سەر بە خوێندنی کوردی، نامەی نەشیاوی بۆ قوتابیەکی خۆی ناردووە.
راشیگەیاند "ئەگەر ئەم بابەتە ئەسڵی ڕوودانی ھەبوبێت، ئەوکات ڕاستەوخۆ لیژنەی لێکۆڵینەوەی یاسایی پێکدەھێنین و سزای یاسایی ئەو مامۆستایە ئەدەین بەپێی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان."
بە وتەی شێرزاد رەشید کاکە، خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەیەوێت قسەی ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ئەسڵی ئەم بابەتە لە خودی خۆیانەوە وەربگرێت.
لقی کەرکوکی یەکێتی مامۆستایان ڕایگەیاند "بە توندی ئیدانەی ھەموو جۆرە تەشھیرێک بە مامۆستا و خوێندنی کوردی دەکەین لە ڕێگای ھاککردنی فەیسبووک و ناردنی نامەی نەشیاو بە مەبەستی لە کەدارکردنی مامۆستا. وە دوای لێکۆڵینەوە ھەر کەسێک تاوانبار بێت بە سزای یاسایی خۆی دەگات."