نەوزاد کامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە ماوەی ئەمساڵدا تەنیا یەک بەشە ئارد بە تەواوی بەسەر ھاووڵاتیاندا دابەشکراوە، وەزارەتی بازرگانی عێراقیش دەڵێت، ئارد نەماوە لە سایلۆکان و لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی دروێنە ئەو کێشەیە چارەسەر دەبێت.

راشیگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق لە پەیوەندی بەردەوامدان بۆئەوەی گەنمی پێویست رەوانەی ھەرێم بکرێت و قەرەبوی ئەو بەشە ئاردانە بکرێتەوە کە دواکەوتووە.

وتیشی، وەزارەتی بازرگانی عێراق دەڵێت گەنمی ئوسترالی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان ھەیە، بەڵام دەبێت ٢٠%ی ئەو گەنمە تێکەڵ بە بەرھەمی ناوخۆیی بکرێت.

نەوزاد کامیل ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، رۆژانە ١٤ بارھەڵگر گەنم بۆ ھەر شارێکی ھەرێم دێت بە مەبەستی قەرەبوکردنەوەی ئەو بەشە ئاردەی دواکەوتووە، بۆ ئەو مەبەستەش سایلۆکان و ئاشەکان ئامادەن بۆ وەرگرتنی گەنم.