کۆمیسیۆن پاداشتی کارمەندانی رۆژی دەنگدان دابەش دەکات
٨ی ئایاری ٢٠٢٢
ئۆفیسی سلێمانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی کات و شوێنی دابەشکردنی پاداشتی دارایی کارمەندانی رۆژی دەنگدان رایگەیاند، لە ئێستادا ئامادەکارییەکانی ئەو پرۆسەیە گەیشتوەتە دوا قۆناغ و ھەماھەنگی تەواو کراوە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکی ھەرێم و سەرجەم لقەکانی لە شوێنە جیاوازەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی.
ئۆفیسی سلێمانی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ماوەیەکی نزیکدا ناو و ناونیشانی سەرجەم ئەو بانکانە بڵاودەکەنەوە کە بڕی پاداشتەکەی تێدا دابەش دەکرێت.
پێشتر کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاندبوو، بڕی ٢٥٠ ھەزار دینار دەدرێتە ئەو دەرچووانەی زانکۆ و پەیمانگەکان کە دانەمەزراون و دەبنە کارمەندی سەر سندووقەکانی دەنگدان.
ھەروەھا ئەگەر کارمەندی سەر سندوق فەرمانبەری حکومەت بێت بە ١٥٠ ھەزار دینار و نووسراوێکی سوپاسکردن لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پاداشت دەکرێن.