سەندیکای پزیشکان: ئەگەر ئەبوبەکر هەڵەدنی داوای لێبوردن نەکات دەیدەینە دادگا
کوردسات نیوز
٨ی ئایاری ٢٠٢٢
سەندیکای پزیشکانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئەنجامی بەدواداچونی لیژنەکانی لەبارەی لێدوانێکی ئەبوبەکر ھەڵەدنی بڵاوکردەوە و رایگەیاند گەر ناوبراو داوای لێبوردن نەکات دەیدەنە دادگا.
بەھۆی لێدوانێکی پەرلەمانتار ئەبوبەکر ھەڵەدنی کە پزیشکێکی تۆمەتبار کردبوو بە ئەنجامدانی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر نەخۆشێک، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکھێنرا، ئەمڕۆ لیژنەکە ئەنجامی بەدواداچوونەکانی ڕاگەیاند.
سەندیکای پزیشکانی کوردستان دەڵێت "ئەم لێدوانەی بەڕێز ھەڵەدنیش دەچێتە خانەی زیان گەیاندن بە کاری پزیشکیی و مەترسی بۆ سەر پزیشکان. بۆیە لێرەوە رایدەگەیەنین کە وەکو سەندیکا سورین لەسەر ئەوەی کە پێویستە ئەم بەڕێزە بە فەرمی داوای لێبوردن لە پزیشکان بکات بە پێچەوانەوە کەیسەکە دەبەینە دادگا و بە پێی یاسا مامەڵە لەگەڵە ئەم پێشێلکاری وتەشھیرە دەکەین".
دەشڵێت " پزیشکان توێژێکی زۆر گرنگی کۆمەڵگان و سامانێکی نەتەوەیین ، پێویستە بەڕێزیان و ھەمو لایەک خۆیان بە دوربگرن لە لێدوانی ناشرین و تەشھیر کردن بەم پیشەیە."
رونیشیکردوەتەوە،" ئەبوبەکر ھەڵەدنی سوربو لەسەر نەدرکاندنی ناو و ناونیشانی ئەو کەسەی کە تۆمەتی خراوەتە پاڵ ئەوەش لەبەر ئەوەی وەک بەڕێزیان دەڵێت لەبەر دۆخی کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی، لە ھەمان کاتدا ئامادەیی خۆی نیشاندا کە داوای لێبوردن بکات لەھەر پزیشکێک کە پەنجەی تۆمەتی بۆ درێژ کرابێت لە ئەنجامی ئەم لێدوانەی."