لوقمان وەردی: لە دەروازەی حاجی ئۆمەران سەرانە لە کاسبکاران وەردەگیرێت
٨ی ئایاری ٢٠٢٢
لە نوسینێکدا لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، لوقمان وەردی نوسیویەتی، لە رۆژی ١-٥-٢٠٢٢ بەبریارێکی حزبی ھەر ئۆتۆمبێلێکی بارھەڵگر لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران کاربکات (بار بێنێت یان بیبات) دەبێت رۆژانە ١٥ ھەزار دینار بدات بۆ ھەربارێک ، ئەو پارەیە بەھیچ شێوەیەک ناچێتەوە خەزێنەی گشتی دەوڵەت بەڵکو دەچێتە گیرفانی بەرپرسانی حزبی و سەربازی پارتی.
وتیشی، ئەوە جگە لەوەی بۆ ھەر بارێک بڕی ٧ ھەزار دینار وەک دڵنیایی وەردەگیرێت تا ئێستاش لەگەڵ ئەوەی چەندین کارەساتی ھاتووچۆ رویداوە، ھیچ ئۆتۆمبێلێک قەرەبوو نەکراوەتەوە، سەرەڕای ئەوەش لەمانگی پێشوو ھەر شوفێرێکی بارھەڵگر بری ١٠٠ ھەزار دیناری لێسەندراوە بەبیانووی نۆژەنکردنەوەی گۆرەپانی وەستانی ئۆتۆمبێل (گەراج).
لوقمان وەردی دەشڵێت، لە ئێستادا لە مەرزی حاجی ئۆمەران زیاتر لە ٦٣٣ ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر کاردەکەن بەپێی سەپاندنی ئەم بریارە حزبیە لانیکەم مانگانە ھەر ئۆتۆمبێلێک زیاتر لە ٢٢٠ ھەزار دیناری لێوەردەگیرێت و سەرباری ئەوەش بۆ ھەر ئۆتۆمبێلێکی بارھەڵگری ترانزێت بڕی ٥٠$ پەنجا دۆلار وەردەگیرێت.
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی وتیشی، بۆ ھەر ئۆتۆمبێلێکی مۆدێل تازەی ھاوردەکراو بری ٥٠$ پەنجا دۆلار وەردەگیرێت و ئەم برەپارەیە مانگانە دەکاتە سەدان ھەزار دۆلار و راستەوخۆ بۆ گیرفانی تایبەتی بەرپرسانی حزبی و سەربازی پارتیە ، ئەوەی ئێستا بەرامبەر شوفێرانی کاسبکاری دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران دەکرێت ، جگە لە راوەڕووت و جەردەیی و رووتکردنەوەی کاسبکاران شتێکی تر ھەڵناگرێت ، بۆیە وەک ئەرکێکی خۆمان ھەموو رێکارێکی پەرلەمانی دەگرینەبەر بۆ وەستاندنی ئەو جەردەیی و تاڵانیەی بەرامبەر شوفێران و کاسبکارانی ئەو دەڤەرە دەکرێت.