ئەو ١٠٦ کۆچبەرە کوردەی لە دوورگەیەکی یۆنان گیریان خواردبوو رزگارکران
کوردسات نیوز
٨ی ئایاری ٢٠٢٢
شەوی رابردوو "ڕەنج پشدەری" رۆژنامەنووسی کورد لە یۆنان بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، ١٠٦ کۆچبەری کورد کە ژمارەیەکی زۆریان خەڵکی رانیە و قەڵادزێ و ھەولێر و سلێمانی بوون، بەھۆی شەپۆلی دەریای ئیجە یەختەکەیان تێکشکا و نەیانتوانی لە گەشتەکەیان بەردەوام بن، بە ناچاری لە دوورگەی "کۆس" لە یۆنان مانەوە و دواتر خواردن و پێداویستییان لێ بڕا و لەو دوورگەیە گیریان خوارد، بەڵام دوای بانگەوازی ئەو رۆژنامەنووسە لایەنی پەیوەندیدار بەھانایانەوە چوون و ڕزگاریان کردن، ئێستا رەوشیان باشە و لە ھەمان دوورگە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان سەرپەرشتیان دەکات.
وتیشی، ژمارەیەک لەو کۆچبەرانە بە خێزانی ھاتوون و لەو ١٠٦ کۆچبەرە ٧٢یان گەنج و پیاون، ١٤یشیان کچ و ژنن و ٢٠ منداڵیشیان لەگەڵدایە. لەبارەی چارەنوسی کۆچبەرەکان رەنج پشدەری ئاشکرایکرد، بەپێی یاسا دەبێت لەو دوورگەیە داوای مافی مانەوە بکەن بۆ ماوەی ١٨ مانگ یان دەبێت ناو بنوسن بۆ گەڕانەوە.



