یەکێک لە کەسوکاری کوژراوەکانی چەمچەماڵ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەبەردەم نوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی کوردستان  رایگەیاند، "تەنھا داواکاری ئێمە ئەوەیە ئەو کەسەی تاوانەکەی ئەنجامداوە لە سێدارە بدرێت".

لایخۆشیەوە عوسمان سێدەری ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند، کەسوکاری کوژراوەکان بۆ ئەوە ھاتوون داوا لە ھەرسێ سەرۆکایەتییەکەی ھەرێم بکەن پەلەبکرێت لە دادگاییکردنی تۆمەتبارەکەی رووداوەکە و بە سزای یاسای بگەیەندرێت و پشتیوانی لە داواکانیان دەکەن، ھەر ئەمڕۆش یاداشتە بەرزدەکەنەوە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و لەوێوە ئاڕاستەی سەرۆکایەتییەکانی تر دەکرێت. 

ئەندامەکەی پەرلەمانی کوردستان ئاشکراشیکرد، ئەوەی لە چەمچەماڵ روویدا کۆمەڵکوژی بوو و کەسوکاری قوربانییەکانش باسیان لە پێنج کوژراو کرد، چونکە یەکێک لەو کەسانەی کوژراوە ژنێکی دوو گیان بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت ھەوڵی ئەوەبدرێت ئەم جۆرە تاوانانە لە کوردستان کەمبکرێتەوە و ھەر کەسێک تاوانێک دەکات دەبێت راستەوخۆ دەستگیر بکرێت و رووبەڕووی یاسا بکریتەوە و رێگەبگیرێت لە داڵدەدانی تاوەنباران.

 بەرەبەیانی ٢ی ئایاری ٢٠٢٢ لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان لە چەمچەماڵ کەسێک پێنج ئەندامی خێزانێکی کوشت و دووانی تریشی بریندارکرد و دواتر ھەر ھەمان رۆژ تۆمەتبارەکە لەلایەن ھێزەکانی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشتی رۆژئاوای سلێمانی-ەوە دەستگیرکرا.