لە  کۆتایی مانگی نیسانەوە حکومەتی عێراق بەنزینی بۆ ھەرێم کوردستان نەناردووە، بە پێی زانیارییەکان، لە پارێزگای ھەولێر ئەو بەنزینە بەسەر ١٠ بەنزینخانەدا دابەش دەکرا، بەڵام ئێستا راگیراوە و کۆمپانیای کار بەنرخی ٦٩٠ دینار بەنزین بەسەر ١٨ بەنزینخانەدا دابەش دەکات.

بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانیش بڵاویکردەوە، بەھۆی نەناردنی بەنزین لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، لە رۆژی ٣٠ی نیسانەوە بەنزینی ٦٩٠ دیناری لە پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین دابەش نەکراوە، بەڵام ئەوە ھیچ کاریگەرییەکی لەسەر نرخ نەبووە، بەڵکو بەراورد بە پێشتر نرخەکان ھەرزانتر بوون، بەجۆرێک بەنزینی نۆرماڵ لە ٩٥٠ دینارەوە بووە بە ٩٠٠ دینار، نرخی سوپەر و موحەسەنیش ٢٥ دینار دابەزیوون. 

لە ئێستادا ھیچ وادەیەک بۆ دەستپێکردنەوە بە ناردنی بەنزین بۆ ھەرێم دیارینەکراوە و حکومەتیش مۆڵەتی بە بازرگانەکان داوە بەنزین ھاوردە بکەن.