کردنەوەی تونێلی دەربەندیخان دوای روداوەکەی ٢٨ی ئەم مانگە نیگەرانی بەشێک لە ھاووڵاتیانی لێکەوتەوە و دەڵێن، کردنەوەی تونێلەکە دەرگایەکە بۆئەوەی روداوی نوێ دروست ببێت، دەشڵێن پێویستە بودجەی تایبەت بۆ پڕۆژەکان تەرخان بکرێت بۆئەوەی قوربانی زیاتری لێنەکەوێتەوە.

لە ئاگادارییەکی بەرێوەبەرایەتی ھاوتوچۆی دەربەندیخاندا ھاتووە، دوای پاککردنەوە سەرەتاییەکان لە دوای رووداوەکەی ٢٨ی مانگی رابردوو لە تونێلی دەربەندیخان بڕیاردراوە ئەمڕۆ لە سەعات چواری دوانیوەڕۆوە تونێلەکە بکرێتەوە.

لە بەشێکی تری ئاگادارییەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ھەرچەندە وا بڕیار بوو بارھەڵگر لە سەرشاخی بەرانان و ناوتاق و بەردەکەڕەوە ھاتوچۆ بکەن، بەڵام بەھۆی مەترسی و نالەباری ھەلومەرجی ڕێگەکان بارھەڵگرەکانیش لە تۆنێلەکەوە ھاتوچۆ دەکەن.  

لە رۆژی ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٢ بەھۆی رووداوی وەرگەڕان و گڕگرتنی تانکەرێکی سوتەمەنی لەبەردەم تۆنێلی دەربەندیخان چەند ئۆتۆمێلێکی تریش سوتان و بەھۆیەوە زیان بەر تونێلەکە کەوتوو ھاتوچۆکردنی تێدا راگیرا.