کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ھەرێم راشیگەیاند، ئێستا ژمارەی ئەوانەی خاوەن پێدایستیی تایبەتن ١١ ھەزار ٨٥٠ کەسە، دوای جەژنیش لیژنەکان دەستبەکاردەبن و ئەو کەمئەندامەی تازە تۆمارکراوان ڕەوانەی لیژنەی پزیشکی دەکرێن بۆئەوەی پشتڕاستبکرێتەوە کەمئەندامن.

ئەو وەزیرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکراشی کرد، ئەگەری ھەیە پرۆسەی تۆمارکردنیان لە لیستی مووچەدا نزیکەی ٢ مانگ بخایەنێت و دواتر دەخرێنە لیستی مووچەوە.

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ژمارەی کۆمپانیاکان لە ھەرێمی کوردستان بۆ ١٦ ھەزار زیادیان کردووە و زیاتر لە ١٣٣ ھەزار کرێکاریش دەستەبەر کراون.

بە وتەی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پارەی سندوقی خانەنشینی گەیشتووەتە ٩٠٠ ملیار دینار، بەو ڕێژەیەش روون دەبێتەوە کە ژمارەی کرێکار و کۆمپانیای دەستەبەر زیادیان کردووە.