کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، گرنگی بە کەرتی تایبەت و مافی کرێکار و رەخساندنی ھەلی کار بۆ گەنجان دەدەن و کۆمەڵێک ھەنگاویان ناوە و رەشنووسی یاسای کاریان ئامادەکردووە و بڕیارە لەمانگی پێنجی ئەمساڵ بچێتە ئەنجومەنی وەزیران، یاسای دەستەبەری خانەنشین و یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتیش ئامادە کراوە و ئاراستەی وەزارەتەکان کراوە بۆ ئەوەی سەرنج و تێبینی خۆیان بخەنەڕوو و دوای جەژن دەخرێتە بەرنامەی کار و ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت، ھەروەھا رێنمایی ھێنانی کرێکاری بیانی ئامادەکراوە، بۆ سنووردارکردنی ھێنانی کرێکاری بیانی بۆ ئەوەی زیاتر ھەلی کار بۆ کرێکاری خۆماڵی بڕەخسێنن. 

وتیشی، لە ڕێگەی بەشی دەستەبەری کۆمەڵاتییە وا دەکەن کرێکار مافەکانی دەستەبەر بکرێت، بۆ ئەوەی کە گەیشتە تەمەنی خانەنشینی، خانەنشین بکرێت وەکو ھەر کەسێک کە لە کەرتی گشتی خانەنشین دەبێت، ھەر بۆیە ژمارەی کۆمپانیای دەستەبەر زیادی کردووە و زیاتر لە ۱٦ ھەزار کۆمپانیا دەستەبەرە و زیاتر لە ۱٣٣ ھەزار کرێکاریشیان دەستەبەر کردووە، بۆیە ئێستا پارەی سندوقی خانەنشینی گەیشتووەتە ۹٠٠ ملیار دینار.

کوێستان محەمەد ئاشکراشیکرد، دەستەبەری کۆمەڵایەتی گرنگییەکەی لەوەدایە کاتێک کرێکارێک لەکاتی کارەکەیدا تووشی پێکان بێت خانەنشین دەکرێت، بەڕێژەی پێکانەکەی خانەنشینیەکەی وەردەگرێت، ئەگەر لەسەر کارەکەی کۆچی دوایی کرد یان ساڵانی خزمەت و تەمەنی گەیشتە ڕێژە یاساییەکەی خانەنشین دەبێت، بەڵام بەداخەوە زۆربەی ئەو کرێکارانە پارەی پاداشتی کۆتایی خزمەتیان وەردەگرن، ئەمە بێبەشیان دەکات لە خانەنشینی، بۆیە داوا لە ھەموو ئەوکەسانە دەکات لە کەرتی تایبەت کار دەکەن، بەردەوام بن لە پێدانی پارەی دەستەبەرییەکەیان، بۆیە کاتێک چوو بۆ کارێکی تر ئەم خزمەتە لە گەڵی دەگوازرێتەوە بۆ کارە نوێیەکەی، ھەر کاتێک لە کەرتی گشتی دامەزرا دەتوانێت ئەو خزمەتەی بگوازێتەوە بۆ کەرتی گشتی.