بافڵ جەلال تاڵەبانی: ھەوڵی زۆرمانداوە یەکڕیزی کورد بپارێزین لە بەغدا بەڵام ئەم نیەتە نیشتمانییە لەباربرا
کوردسات نیوز
١٧ی ئازاری ٢٠٢٢
لە دیدارەکەدا دوایین پەرەسەندنە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی ھەرێم و عێراق تاوتوێکرا و گفتوگۆ لە بارەی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق، ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پرسی ئازادی ڕادەربڕین لە ھەرێم کرا و ھەڵوێستی یەکێتی لە بارەیانەوە خرایەڕوو.
بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشیی یەکێتی بۆ گەیشتن بە دیالۆگێکی نیشتمانیی بونیادرانە ڕوونکردەوە و ڕایگەیاند، دۆخی عێراق پێویستی بە سازان و لێکتێگەیشتنی ھاوبەش ھەیە لە پێناو پێکھێنانی حکومەتێکی بەھێز و کاریگەر کە ئارامی و سەقامگیری بۆ خەڵکەکەی دەستەبەر بکات. وەک کوردیش ھەوڵی زۆرمان داوە کە یەکدەنگی و یەکڕیزی کورد بپارێزین و وەک یەک تیمی بەھێز لە بەغدا کار بکەین، بەڵام لە دەرەوەی ئیرادەیەکی کوردستانیی ئەم نیەتە نیشتمانییە لەباربرا. بەڵام باوەڕمان وایە ھێشتا درەنگ نییە و دەتوانین ھەموومان بە ڕۆحێکی نیشتمانپەروەرانەوە لە پێناو بەھێزترکردنی قەوارەی ھەرێم و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان، ناکۆکییە سیاسی و کەسییەکانمان وەلابنێین و پێکەوە بڕیار بدەین و یەک کاندید بۆ سەرۆککۆمار پێشکەش بکەین.
ھەر لە دیدارەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی پێداگری لەسەر ئارامی و سەقامگیری، سەروەری یاسا و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی کرد و وتی ڕێگە لە بەھەدەردانی سامانی گشتی دەگرین و جەخت لە سەرخستنی پڕۆسەی چاکسازی دەکەینەوە. پێویستە شەفافیەت لە داھاتدا ھەبێت و جیاوازی لە خەرجیی گشتیدا نەکرێت. خێروبێری ئەم ھەرێمە بە بێ جیاوازی بخرێتە خزمەت ھاووڵاتییانەوە و ئەمەش ئامانجی کارکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
یەکسانی جێندەریی و ئازادی بیروڕا تەوەرێکی تری کۆبوونەکە بوو و بافڵ جەلال تاڵەبانی دید و ڕوانینی یەکێتی لەو بارەیەوە ڕوونکردەوە و ڕایگەیاند، یەکێتی بە ھیچ شێوەیەک لەگەڵ جیاوازی ڕەگەزیدا نییە و باوەڕی تەواوی بە یەکسانی ھەیە. بڕوامان بە تواناکانی ژنان ھەیە و دەبێت لە ناوەندە حزبی و حکومییەکان دەرفەتی زیاتریان بۆ بڕەخسێنرێت و سوود لە تواناکانیان وەربگیرێت. ئەمە سەرەڕای ئەوەی یەکێتی بە ھیچ شێوەیەک لەگەڵ کپکردنی دەنگە ئازادەکاندا نییە و پشتیوانی ڕاستەقینەی ڕۆژنامەنووسان و کاری ڕۆژنامەگەرین. چونکە بڕوای تەواومان بە دیموکراسی ھەیە و کار بۆ پاراستنی کۆڵەکەکانی دەکەین لە ھەرێمی کوردستان.