دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر و لیژنەکانی چاودێری بازاڕو چاودێری بازرگانی بەڕێوەچوون، دوای کۆبوونەوەکە ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، ئەمڕۆ یەکەمین کۆبوونەوەی کۆنترۆڵکردنی نرخ لە پارێزگای ھەولێر بەڕێوەچوو تا ڕێگری لە بەرزبوونەوەی نرخ بکرێت.

 باسی لەوەکرد کە سێ ھۆکار ھەیە یەکیان لەسەر ئاستی جیھانی نرخەکان بەرزبوونەتەوە و ئەوانیش ڕێگە بە قۆرغکاری نادەن، بەڵام ئەو مەوادانەی لە وڵاتانی جیھانەوە دێن ئەوە لە دەست ئەواندا نییە، ھەروەھا ڕایگەیاند، ئێمە بەرەو نەورۆز دەچین کە ئەگەر بازاڕ کۆنترۆڵ نەکەین ئەوا نرخەکان بەرز دەبنەوە، ھەروەھا نزیک بووینەتەوە لە مانگی ڕەمەزان ئەوەش زۆرجار بووەتە ھۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان بەلام ئەمساڵ ڕێ لە ھەموو ھۆکارێک دەگرین.

لە بارەی نرخی سوتەمەنیشەوە پارێزگاری ھەولێر وتی: وەک تاقیکردنەوە لە ٢٤/٣ تاوەکو ٢٤/٤ بۆ ماوەی یەک مانگدا ئەگەر ھەر بەنزینخانەیەک جەنجاڵی دروست بکات ئەوا دادەخرێت، ئینجا وەرگرتنی بەنزین بە شێوەی تاک و جوت دەبێت و ھەروەھا ڕۆژانە ٧ بەنزینخانە بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەت و شەش بەنزینخانەش بۆ تاکسی و یەک بەنزینخانەش بۆ پاس و ھۆکارەکانی گواستنەوە دیاری دەکرێت.

ھەروەھا بۆ نانەواخانە و فڕنەکانی سەمونیش بڕیاری دراوە ھەشت سەمون و ھەشت نانی تاک و چوار نانی دەبڵ نرخیان ھەر وەک جاران بە یەک ھەزار دینار دەبێت و ٢٠٪ی نرخی کارەبا و ئاویش دادەبەزێنرێن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پارێزگاری ھەولێر ڕوونی کردەوە کە بایی شەش مانگ تا ساڵێک خۆراک لە کۆگاکاندا بوونی ھەیە، ھەروەھا ڕێگەی ھاوردەکردنی کاڵای خۆراک و سومەتەمەنیش دراوە بە بازرگانان بەو پەڕی ئاسانکاری و ھەماھەنگی تاوەکو نەبێتە قۆرغکاری.