"قوباد تاڵەبانی"جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لە ساڵیادی بۆردومانی شاری ھەڵەبجە بە چەکی کیمیایی رایگەیاند، ھەرچی لەتوانایاندا بێت دەیکەن بۆ گەڕاندنەوەی روفاتی ئەو شەھیدانەی کە لە ئێرانن، لەبەرئەوەی ئێسک و پروسکی ئەو ئازیزانە گەورەترین بەڵگەن لەسەر یەکێ لەدڕندانەترین تاوانەکانی مێژووی مرۆڤایەتی.

وتیشی، بەدواداچوونی تەواو دەکەن بۆ دۆسیەی منداڵە ونبووەکانی ھەڵەبجە و ھەوڵی دۆزینەوە و گەڕانەوەیان دەدەن بۆ ناو خێزان و کەسوکارەکانیان لەڕێگەی پشکنینی"DNA"، ھەروەھا پێداچوونەوەش دەکەن بەلیستی قەرەبووکردنەوەکاندا، بەتایبەتی ئەوانەی تا ئێستا زەویان وەرنەگرتووە، ھەوڵی دابینکردنی زەویان بۆ دەدەن. 

جەختی لەوەشکردەوە، بەردەوام دەبن لەگفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی بۆ فشاری زیاتر لەپێناو قەرەبووکردنەوەی تەواوی کەسوکاری قوربانیانی ھەڵەبجە، نوێنەرانی کوردیش لە بەغداد دەبێت ئەو پرسە بکەنە ئەولەوییەتی کاری خۆیان.