ئەمڕۆ ٣٤ ساڵ بەسەر کیمیایبارانکردنی ھەڵەبجە لەلایەن رژێمی دیکتاتۆری بەعس تێدەپەڕێت، کە تێیدا زیاتر لە ٥ ھەزار ھاوڵاتی شەھید بوون و ھەزارانی دیکەش برینداربوون.

لە پەیامەکەیدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕایگەیاند "بەرپرسیارێتی نیشتمانیی و نەتەوەیی ئێمەیە ئاسەوارەکانی ئەم برینە ساڕێژ بکەین و ھیوا بۆ ھەڵەبجەییەکان بگەڕێنینەوە."

بافڵ جەلال تاڵەبانی داوای لە حکومەتی عێراق کرد قەرەبووی کەسوکاری شەھیدان و بریندارانی کارەساتی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە بکاتەوە و بەرپرسیارانەتر مامەڵە لەگەڵ پارێزگای ھەڵەبجە بکات.

بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕاشیگەیاند "دەبێت ئەو غەدرەی دەرحەق بە ھەڵەبجە و دانیشتووانەکەی کرا ببێتە وانەیەک و رۆحی یەکگرتوویی و تەباییمان تێدا پتەوتر بکات. دەبێت سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لەوە تێبگات چەند لە دیدگا و روانینمان بۆ سیاسەت جیاواز بین، بەڵام لە ئازاردا ھاوبەشین و دەبێت کارێک بکەین جارێکی تر ھاووڵاتییانمان رووبەڕووی سەختی و نەھامەتی نەبنەوە."

ھەروەھا ھانی ھەموو لایەنەکانی دا کە بەیەک چاو سەیری ھەموو خەڵکی ھەرێمی کوردستان بکەن و خزمەت بکرێن.

دەقی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی:

ئەمڕۆ ٣٤ ساڵ بەسەر کیمیابارانی شاری ھەڵەبجەی خۆڕاگردا تێدەپەڕێت و بە خەمێکی قووڵەوە یادی ئەو کارەساتە گەورەیە دەکەینەوە کە بەرامبەر گەلی کورد ئەنجامدرا.
دەبێت لەم رۆژەدا واز لە دروشم بھێنین و بەکردار خزمەتی ھەڵەبجە و ھەڵەبجەییەکان بکەین. بەرپرسیارێتی نیشتمانیی و نەتەوەیی ئێمەیە ئاسەوارەکانی ئەم برینە ساڕێژ بکەین و ھیوا بۆ ھەڵەبجەییەکان بگەڕێنینەوە. پێویستە حکومەتی عێراق بەرپرسیارانەتر مامەڵە لەگەڵ پارێزگای ھەڵەبجە بکات و قەرەبووی کەسوکاری شەھیدان و برینداران بکاتەوە. داوا لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەم ئاوڕی جددی لە داخوازییەکانی خەڵکی ئەو شارە خۆشەویستە بداتەوە و خزمەتی زیاتری ھەڵەبجەییەکان بکات. دەبێت ئەو غەدرەی دەرحەق بە ھەڵەبجە و دانیشتووانەکەی کرا ببێتە وانەیەک و رۆحی یەکگرتوویی و تەباییمان تێدا پتەوتر بکات. دەبێت سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لەوە تێبگات چەند لە دیدگا و روانینمان بۆ سیاسەت جیاواز بین، بەڵام لە ئازاردا ھاوبەشین و دەبێت کارێک بکەین جارێکی تر ھاووڵاتییانمان رووبەڕووی سەختی و نەھامەتی نەبنەوە. دەبێت ھەموو خەڵکی خۆشەویستی کوردستان بەیەک چاو سەیربکرێن و خزمەت بکرێن. ئازادیی ئەمڕۆ و دروستبوونی دامەزراوە دەستوورییەکان لە ھەرێمی کوردستان بەرھەمی خوێنی شەھیدان و تێکۆشانی خەڵکە، ئەرکی ئێمەیە بەرپرسیارێتی ژیان و گوزەرانی خەڵک ھەڵبگرین و بەرامبەر قوربانییەکانیان وەفاداربین.
سڵاو لە رۆحی پاکی شەھیدانی ھەڵەبجە و سەرجەم شەھیدانی رێگای رزگاریی کوردستان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
١٦ی ئاداری ٢٠٢٢