سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بۆ ساڵیادی کیمیايبارانکردنی ھەڵەبجە پەیامێکی بڵاوکردەوە
١٦ی ئازاری ٢٠٢٢
دەقی پەیامەکە :
لە سی و چوارەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری ھەڵەبجە لە لایەن ڕژێمی بەعسی عێراقەوە، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەھیدانی ئەو تاوانە دڕندانەیە دادەنوێنین و بەوپەڕی ڕێز و شکۆوە یادیان دەکەینەوە.
ھەڵەبجە مەڵبەندێکی گرنگی ڕووناکبیری و زێدی چەندین شاعیر و نووسەر و زانا و دانا و عارفی ناودار و بەناوبانگی کوردستانە، پێگەیەکی گرنگی لە دڵ و دەروونی کوردستانیاندا ھەیە و بووەتە یەکێک لە سیمبولە ھەرە دیارەکانی قوربانیدانی گەلی کوردستان لەپێناو گەیشتن بە مافە ڕەواکانی، بۆیە لەم یادە خەمناکەدا، دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە حکومەتی عێراق بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی خۆی لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەھیدان و برینداران و زیانلێکەوتووانی کیمیابارانی ھەڵەبجە و گشت قوربانیانی جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان و ناوچە زیانلێکەوتووەکانی دیکەی کوردستان بگرێتە ئەستۆ و بەپێی ماددەی ١٣٢ی دەستوور قەرەبوویان بکاتەوە و ڕێز لە خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی خەڵکی ھەڵەبجە بگرێت، بۆ ئەوەی خزمەتێکی شایستە پێشکەشی ھاووڵاتییانی بەشمەینەتی ئەم شارە ئازیزەمان بکرێت.
ئەگەرچی چەند ساڵێکە ھەڵەبجە لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستان بووەتە پارێزگا، بەڵام بەداخەوە تا ئێستاش، حکومەتی فیدراڵی لە ئاستی پێویستدا وەک پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ ھەڵەبجەدا ناکات و ڕێکارەکانی بەپارێزگابوونی، کێشە و ئاستەنگی بۆ دروست دەکرێت.
بۆیە داوا لە بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی دەکەین لە زووترین کاتدا ئەو ڕێکارانە تەواو بکەن و چیتر ئەم بابەتە پشتگوێ نەخرێت. لە ھەمانکاتدا حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبێت لە تەواوکردنی پێکھاتەی ئیداریی پارێزگای ھەڵەبجە بە ھێنانەکایەی ئەو دامەزراوانەی دیکەی پارێزگا کە ماون.
حکومەتی ھەرێمی کوردستان، خۆی بە قەرزاری کەسوکاری شەھیدانی ھەڵەبجە و ھەموو شەھیدانی کوردستان دەزانێت و ئەرکی لەپێشینەی حکومەتە کە خزمەتێکی شایستەی ھەڵەبجە و دانیشتووانە خۆشەویستەکەی بکات.
دروود بۆ گیانی پاکی شەھیدانی ھەڵەبجە و سەرجەم شەھیدانی کوردستان.