مەکتەبی سیاسی یەکێتیی بۆ ساڵیادی کارەساتی ھەڵەبجە پەیامێکی بڵاوکردەوە
کوردسات نیوز
١٥ی ئازاری ٢٠٢٢
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی
دەقی پەیامەکە :
ئەمڕۆ یادی سی وچوار ساڵەی دڕندانەترین تاوانی دژ بەگەلەکەمان دەکەینەوە کەلە چەند چرکەیەکدا رژێمی بەعس بەچەکی کۆمەڵکوژی کیمیاویی لەپارێزگای ھەڵەبجەیدا وھەزاران ھاوڵاتی شەھید وبریندارکرد و ھەربەھۆی ئەم پەلامارە سامناکە دژ بەمرۆییەوە چەندین خێزان لەیەکتری دابڕان کەتاکو ئێستاش بەشێکیان لەچاوەڕوانی بە یەکتر شادبونەوەدان ھەروەھا ژمارەیەکی زۆری بریندارو بەرکەوتە تاکو ئێستا بەھۆی کاریگەری زامەکانی ئەو چەکەوە دەناڵینن .
ئەو کارەساتەی کەسی وچوار ساڵ لەمەوبەر شۆڤینیەکانی بەعس بەسەرئەم شارەیانداھێنا رقێک بووبەرامبەر ڕۆڵی مێژوویی ھەڵەبجە کەلەجوڵانەوەی فەرھەنگی وشارستانێتی و سیاسیداچەندین زانا وعەلامەی ئایینی کوردپەروەر وگەورە شاعیر وخاوەن قەڵەمی بوێری بەبیری پێشکەوتوخوازی و کوردایەتی پەروەردە و گۆشکران کەلەڕاپەڕین و شۆڕشەکانی گەلەکەماندا رۆڵی پێشەنگیان ھەبوو بەتایبەتی لەشۆڕشی نوێی گەلەکەماندایەکەمین مەفرەزەسەرەتاییەکانی ئەم سنورە لەشارەزوور و دەوروبەری چەکی مەردایەتی و بەرگرییان دژ بەزوڵم و ستەمی بەعس ھەڵگرت و بانگی دەستپێکردنەوەی شۆڕشیان دا.
پاش تێپەڕبونی زیاتر لە سێ دەیە بەسەر ئەو کارەساتەدا وێڕای ھەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەی ھەڵەبجەو گوندەکانی دەوروبەری کە پێشتر وێران وتەختکرابون، دوای بونەپارێزگای ئەو شارە، زۆرینەی دەزگا حکومی وخزمەتگوزارییەکانی لێ دامەزرا، بەڵام ھێشتا لەدامەزراوە رەسمیەکانی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵدا وەک پێویست بە ڕەسمی ناساندنی ھەڵەبجە بەپارێزگای نۆزدەیەمی عێراق نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوەو لە دابینکردنی مافەدەستوریی ویاساییەکاندا دڵنەوایی نەکراوەتەوە .
کەسو کاری سەربەرزی شەھیدانی جینۆسایدی شانزەی سێ و ھاوڵاتیانی بەشەرەفی ھەڵەبجەی ھەمیشەخۆڕاگڕ
لەم یادەداجارێکی تر بۆ ھەموو لایەکی دووپاتدەکەیەنەوە لەپێناو سارێژبونی ئەو برینانەی کەتاکو ئێستا بەشێکی زۆر لەخەڵکەکەی بەدەستیەوە دەناڵێنن، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەرێگەی حکومەت وحزبەوە ھەوڵەکان زیاترچڕ دەکاتەوە کەخزمەتگوزاری زیاتر بە ھەڵەبجەودانیشتوانی ناوچەکە بگەیەنێت لە پێناو دابینکردنی ژیاننێکی ئاسودەو پڕلە کامەرانی و ڕەوینەوەی یەکجارەکی گشت مەینەتیەکان و بەرزڕاگرتنی یاد و ناوی گشت قوربانیانی ئەو کارەساتە.
نەمری بۆ شەھیدانی ھەڵەبجەوقوربانیانی جینۆسایدی گەلەکەمان.