شاناز ئیبراھیم ئەحمەد کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندی ١ی ڕێکخستنی سلێمانی (ی.ن.ک)، ئەمڕۆ (١٥ی ئازاری ٢٠٢٢) لە بارەگای مەڵبەند، لەگەڵ لێپرسراوی سەرجەم کۆمیتەکانی سنوری مەڵبەند و نوێنەرانی یەکێتی لە سێکتەری پەروەردە لە حکومەت کۆبووەوە.

لەو دیدارەدا کە جەزا سەید مەجید لێپرسراوی مەڵبەند ئامادەی بوو، شاناز ئیبراھیم ئەحمەد تیشکی خستەسەر دوایین گۆرانکارییەکانی دۆخی سیاسی و ئابوری ھەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی و کەرتی پەروەردە و فێرکردن بە تایبەت. لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوەکرد کە پێویستە بایەخی زیاتر بە کەرتی پەروەردە بدرێت، چونکە بنەمای سەرەکی بنیادنان و پێشکەوتنی کۆمەڵگەیە و ئەرکی ھەموو لایەکە ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانیان بدەین.

وتیشی، داواکاری مامۆستایان تەواو ڕەوایە و پشتیوانی داواکانیان دەکەن، دووپاتیشی دەکەنەوە کە نابێت بە ھیچ پاساوێک زیان بە خوێندکارانی سلێمانی و ئایندەیان بگات.

ھەر لەو بارەیەوە، شاناز ئیبراھیم ئەحمەد داوای کرد کە نوێنەرانی یەکێتی لە حکومەت و لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە خۆجێییەکان لە ئاست بەرپرسیاریەتیدا بن و خزمەتکردنی ھاوڵاتیان بکەنە پێشینەی کارەکانیان. وتیشی، بە پێچەوانەوە کەسانی کەمتەرخەم ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەکەنەوە، چونکە سلێمانی و خەڵکەکەی و یەکێتی لە ھەموو شتێک گرنگترە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، شاناز ئیبراھیم ئەحمەد لە بارەی ئەرک و بەرپرسیاریەتی کادر و ئەندامانی کۆمیتەکان لەم قۆناغەدا دوا و ڕایسپاردن کە یەکێتیانە ئەرکەکانیان ڕابپەڕێنن و لە کێشە و خەمی ھاوڵاتیانی سنوری کۆمیتەکان بکۆڵنەوە و بە دەمیانەوە بچن.

لای خۆیانەوە، نوێنەرانی یەکێتی لە سێکتەری پەروەردە لە حکومەت، پوختەیەکیان لە بارەی کێشەکانی ئێستای بەردەم بەڕێوەچوونی پڕۆسەی پەروەردە بۆ ئامادەبووان باسکرد، ھاوکات پەیام و دەستپێشخەری شاناز ئیبراھیم ئەحمەدیشیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بوارەکە بە گرنگ و بەرپرسیارانە ناوبرد، لە پێناو بەرژەوەندی خوێندکاران بە گشتی و ھەردوو قۆناغی خوێندنی ٩ی بنەڕەتی و ١٢ی ئامادەیی بە تایبەت.