ھەر کەسێک لە دەرەوە بخوێنێت پێویستە دۆسیەی کەسی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا پڕبکاتەوە
١٥ی ئازاری ٢٠٢٢
لەو چوارچێوەیەدا عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: بە فەرمانی وەزاری ژمارە (٤٧٣٤) لە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی (٧/٣/٢٠٢٢) و بە ئیمزای د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەرچووە تایبەتە بە خوازیارانی خوێندن لە دەرەوەی وڵات.
وەک لە نوسراوەکەدا ھاتووە: "بە مەبەستی ڕێکخستن و کۆکردنەوەی داتایەکی تێروتەسەل و تەواو بۆ ئەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵات دەخوێنن، لەمەودا ھەر کەسێک فەرمانبەر بێت یاخود فەرمانبەر نەبێت، نیازی خوێندنی لە دەرەوەی وڵات ھەبێت بۆ تەواوکردنی خوێندنی بەکالۆریۆس، ماستەر یان دکتۆرا، پێویستە لە ڕێگەی ئەم بەستەرەوە (scholarship.digital.gov.krd) دۆسیەی کەسی بکاتەوە پێش دەستپێکردن بە خوێندنەکەی.
وەزارەت لە نوسراوەکەیدا جەختی لەسەر ئەوەش کردووەتەوە پڕکردنەوەی دۆسیەی کەسی "مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ یەکسانکردنی بڕوانامە لە داھاتوودا".