قوباد تاڵەبانی بڕوانامەی ڕێزلێنانی بەخشییە ژمارەیەک بەرپرسی حکومی
٩ی ئازاری ٢٠٢٢
لە چوارچێوەی پڕۆژەی خزمەت، کە ئامانج لێی نەھێشتنی گەندەڵی و کەم کردنەوەی ڕۆتین و باشتر پێشکەشکردنی خزمەتەکانی حکومەتە بە ھاوڵاتیان، قوباد تاڵەبانی بڕوانامەی ڕێزلێنانی بەخشییە چەند بەرپرسێکی حکومی.
لە مەڕاسیمێکدا کە ئەمڕۆ ٩ی ئازار لە ھەولێر بەڕێوەچوو، بە ئامادەبوونی چەند وەزیر و بەرپرسێکی حکومی، قوباد تاڵەبانی بڕوانامەی ڕێزلێنانی بەخشییە چەند بەڕێوبەر و بەڕێوبەرێکی گشتی کە لە چوارچێوەی پڕۆژەی خزمەت توانیویانە کاروباری فەرمانگەکانیان بە سیستەماتیک بکەن وخزمەتی باشتری ھاوڵاتیان بکەن.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە وتارێکدا کە لەو مەڕاسیمەدا پێشکەشی کرد، ئاماژەی بە گرنگی پڕۆژەی خزمەت دا کە بناغەی سەرەکی بەدیجیتاڵ کردنی حکومەت و دەربازبوونە لە میکانیزمە کلاسیکەکە.
سەبارەت بە گرنگی پڕۆژەکە، وتی: لە ڕێی ئەم پڕۆژەیەوە دەتوانین کەمتەرخەمی و گەندەڵی نەھێڵین و لە ڕێی پۆرتاڵی خزمەتەوە (https://services.gov.krd) خزمەتخواز دەتوانێت ھەموو زانیاری و پێویستییەکانی ھەر مامەڵەیەک بزانێت لە ھەموو دامودەزگاکانی حکومەت.
جێگری سەرۆک وەزیران، ھەروەھا وتی: جگە لەوەی لە ڕێی ئەم پڕۆژەیەوە دەتوانین حکومەت بەدیجیتاڵی و سیستەماتیک بکەین، ڕۆتینیش کەم دەکرێتەوە و لە قۆناغەکانی داھاتوودا کار بۆ بە گەڕخستنی سیستەمی یەک پەنجەرەیی دەکەین بۆ ڕاییکردنی مامەڵەی ھاوڵاتیان لە ڕێی ئەم پڕۆژەیە.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وتیشی: ئەم پڕۆژەیە ژێرخانێکە بۆ دروستکردنی حکومەتی ئەلیکترۆنی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری ئەلیکترۆنی.
قوباد تاڵەبانی دووپاتیشیکردەوە: کەمکردنەوەی ڕۆتین یەکێک لە ئامانجە سەرەکیەکانی ئەم پڕۆژەیەیە لە پێناوی باشتر پێشکەشکردنی خزمەتەکانی حکومەت بە ھاوڵاتیان.
دوای تەواوکردنی وتارەکەی، جێگری سەرۆکی حکومەت بڕوانامەی ڕێزلێنانی بەخشییە بەڕێوبەر و بەڕێوبەرە گشتییەکان و ھانی دان بەردەوام بن و داوای کرد کە ھەموو بەرپرسە حکومییەکانی تر کار لەسەر بە سیستەماتیک کردنی فەرمانگەکانیان بکەن و خزمەتی باشتری ھاوڵاتیان بکەن.
دواتر پۆرتاڵی نوێی خزمەت خرایەڕوو و ئاشنا کرا بە ئامادەبووان و داواکرا ھەموو ھاوڵاتییەک پێش سەردانی ھەر فەرمانگەیەک سەردانی پۆرتاڵی خزمەت (https://services.gov.krd) بکات بۆ وەرگرتنی زانیاری.