لە دیدارێکی نێوانیاندا، ڕەوشی ناھەموار و نەخوازراوی دیاردەی ژنکوشتن لە ھەرێمی کوردستان بە وردی گفتوگۆی لە ‌بارەوە کرا، دواتر باسی دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێڕاق و ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان کرا، ھاوکات ئاڵنگارییەکانی بەردەم پرۆسەکە لە ڕووی تەکنیکی و جیاوازیی تێڕوانینی فراکسیۆنەکان بۆ پرسی ھەڵبژاردن تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون.

د. ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: "ناوچەکە بە ‌گشتی لە دۆخێکی ھەستیاردایە، سەقامگیریی عێڕاق و پێکھێنانی کابینەی نوێ ڕەنگدانەوەی ئەرێنیی دەبێت لەسەر کۆی پڕۆسەی سیاسی لە عێڕاق و کوردستان. سەبارەت بە دیاردەی شەرمھێنی ژنکوشتنیش گوتی: "پەرلەمانی کوردستان لە ڕووی دەرچوواندنی یاسا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و دیاردەی ژنکوشتن، یاسای گونجاوی دەرکردووە، لەوەش گرنگتر پەرلەمان حوکمی ماددەی (٤٠٩)ی یاسا سزادانی عێڕاقیی ڕِاگرتووە بە پێی یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠١٥، گرفتەکە لە نەبوونی یاسادا نییە، بەقەدەر ئەوەی دیاردەکە ڕەگ و ڕیشەی کۆمەڵایەتیی ھەیە و نەریتی کۆنەپارێزییە".

پاشان دەیڤد ھانت، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە ھەرێمی کوردستان، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کرد بۆ خستنە ڕووی ھەموو ئەو بابەتانەی گفتوگۆیان لە ‌بارەوە کرا و ھەردوولاش جەختیان کردەوە لەسەر گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان.