گەلاوێژ خان لە ڕوژی لە ٨مارسدا پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی کچان و ژنانی کوردستان دەکات
٨ی ئازاری ٢٠٢٢
دەقی پەیامەکە :
خۆشەویستان کچان و ژنانی کوردستان، بەبۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیھانیی ژنانەوە، پیرۆزبایتان لێدەکەم، پیرۆزبایی لە دایک و کچ و خوشکی شەھیدان و ژنان و ھاوسەران و کچانی پێشمەرگە و ھەموو ئەو ئافرەتانە دەکەم کە لەکایەکانی ژیاندا جێدەستیان دیارە و لەپێناو بەرەوپێشبردنی کۆمەڵی کوردەواریی خۆماندا لە بوارە جیاجیاکاندا کار و خەبات دەکەن.
وەک خۆیشتان دەزانن یەکێک لە سیما دیارەکانی پێشکەوتوویی ھەر کۆمەڵگەیەک، کارکردنی توێژی ژنانە، کە بە تەبیعەتی حاڵ دەبێتە مایەی ئابورییەکی سەربەخۆی ژنان، بەمەیش کۆمەڵگەیەکی دروست لە ھەموو ڕوویەکەوە بنیاتدەنرێت.
بەداخەوەم ئەو ھەموو ھەواڵی کوشتوبڕ و توندوتیژییە دەبیستم کە دەرھەقتان دەکرێت، بەڵام بزانن ئەوە بەشێکە لەو نەریتە تاریکەی کە دەبێت بە ھەوڵ و خەباتی ئێوە و پیاوانی مەرد و لایەنەکانی داکۆکیکار لە مافی یەکسانیی کۆمەڵایەتی، تێپەڕێنرێت.
ژنکوژ، نە مەردە و نە باوک و برای ئێوەیە، بەڵکو بوونەوەرێکە لەشێوەی مرۆڤدا و ھەستی دڕندەیی تێدا زاڵە، بۆئەوەی ئێوەیش نەبنە قوربانیی دەستی ئەو دڕندەیە، پێویستە پەروەردەیەکی کوردەوای و شارستانیانەی خۆتان و منداڵەکانتان بکەن و کۆمەڵگەیەک بھێننە پێشەوە کە بڕوای بە ئازادیی ڕاستەقینە ھەبێت نەک سەرکێشیی و پیرۆزیی شکاندن.
لەمڕۆژەدا پیرۆزبایی لەھەموو ژنانی کوردستان و جیھان دەکەم، ھیوادارم ئەم یادە ھەر بۆنەیەکی ئاسایی ئەمڕۆ نەبێت و سبەینێ لەبیرمان بچێتەوە، بەڵکو خاڵی وەرچەرخان بێت بۆ کۆمەڵگەیەکی بەختەوەری نێوان ھەردوو ڕەگەزەکە چونکە ھیچ کۆمەڵێک بێ ھەردووکیان نەبووە ونابێت.