لە میانەی ئەو چالاکیەدا شاناز ئیبراھیم ئەحمەد لەگەڵ سەلمە فاتیح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان چاویکەوت بە کافیە سلێمان سکرتێری یەکێتی ژنانی کوردستان و سەرباری پێشکەشکردنی پیرۆزبایی بە بۆنەی ٨ی مارسەوە، پشتیوانی خۆی بۆ ھەر کەمپەین و ھەوڵێک دەربڕی کە لە خزمەتی دۆزی ڕەوای ژناندا بکەوێتەوە و یەکسانی جێندەری فەراھەم بکات، ھاوکات چڵە نێرگزی گەشاوە و بۆنداری بەھاری لەسەر تابلۆی قوربانیانی ڕووداوەکانی کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان دانا و غەمباری خۆی بۆ  ئەو چارەنووسەیان دەربڕی.

دواتر و لە لێدوانێکیدا شاناز ئیبراھیم ئەحمەد کارگێڕی مەکتەبی سیاسی (ی.ن.ک) و سەرپەرشتیاری مەڵبەندی ١ی ڕێکخستنی سلێمانی، ڕایگەیاند: بەڕاستی تاوانێکی گەورەیە کە ئەو ژنانە بە بەرچاوی ھەموومانەوە بە ھەر پاساوێک بێت دەکوژرێن و بە بێ ناو دەنێژرێن، بۆ ڕێگری لەمەش پێویستمان بە کەمپەینێکی گەورە و گشتگیرە کە لە ھەموو شوێنەکان بەڕێوەبچێت و یاسا و دادگاکان ڕۆڵی خۆیان ببینن، چونکە بەداخەوە بکوژان سزانادرێن و بە شێوازی جیا جیا پاساو بۆ ئازادکردنیان دەھێنرێتەوە.

وتیشی، پێویستە ئێمە وەک ژنان دەست لەناو دەست بین و کەمپەینی لەم جۆرە تەنیا بۆ یەک ڕۆژ نەکەین.