قوباد تاڵەبانی: دەبێت پۆستی جێبەجێکاری بدرێت بە ژنان
٧ی ئازاری ٢٠٢٢
قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ژنانی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبۆوەو پیرۆزبایی رۆژی ھەشتی مارسی لەژنان کرد و بەووردی تاوتوێی بارودۆخی ئێستای ژنانی کرد لەھەرێمی کوردستان بەتایبەت زیادبوونی حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان و ھەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەیەک لەوبارەیەوە، ھاوکات رۆڵ و پێگەی ژن لەنێو سیاسەتی یەکێتی دا باسی لێوەکرا.
سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال داواشیکرد کەژنانی سەرکردایەتی رۆڵی خۆیان ببینن ھەم وەک سەرکردەیەکی سیاسی و ھەم وەک ژنێک تا لەپرسی تایبەت بەژنان و یەکسانی جێندەری دا کاریگەری بەرچاویان ھەبێت.
سەبارەت بەبەستنی دیداری یەکێتی، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: دیداری یەکێتی دەرفەتێکی زێڕینە بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سیاسەتی یەکێتی بەگشتی ھەروەھا مەسەلەی ژنان، لەمبارەیەوە داوای لەژنانی سەرکردایەتی یەکێتی کرد کە پێکەوە کاربکەن بۆ ئەوەی نەخشەرێگا و سیاسەت و ستراتیژی یەکێتی بۆ مەسەلەی ژنان و یەکسانی جێندەری دابرێژرێتەوە و داوای کرد ھەمووان ھاوکار بن لەوبارەیەوە.
قوباد تاڵەبانی وتیشی: ژنی بەتوانایان زۆرە بۆیە دەبێ بەپێی توانا و لێھاتویی دەستگیرۆیی بکرێن و پۆستی جێبەجێکارییان پێ بدرێت تا خۆیان بسەلمێنن، دووپاتیشی کردەوە کەدەبێ ژنان کاربکەن تا لەرووی رێژەوە بونیان زیاتر بکەن لەھەموو کایەکاندا شانبەشانی پیاوان بۆ بەدیھێنانی یەکسانی.