مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی بۆ ڕۆژی ٨ مارس رۆژی جیھانیی ژنان پەیامێکی بڵاوکردەوە
کوردسات نیوز
٧ی ئازاری ٢٠٢٢
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی
دەقی پەیامەکە :
بەبۆنەی رۆژی ھەشتی مارس رۆژی جیھانیی ژنانەوە پیرۆزباییەکی گەرم لەکچان و ژنانی خۆڕاگری کوردستان دەکەین کە سەرەڕای لەمپەڕەکان و وێڕای تاوانەکانی ژن کوژان کە بەداخەوە بۆتە دیاردەیەکی بەدناو و لەپێناو بەدیھێنانی مافەکانیاندا لەخەباتی ڕێکخراوەییان بەردەوامن .
لەم بۆنەیەدا بە پێویستی دەزانین وەبیر ھەموو لایەکی بھێنینەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەر لەسەرەتای تێکۆشانی ھەمەلایەنییەوە ولە سۆنگەی بڕوابونی بەوەی ژنان بەشێکی دانەبڕاوی خەباتی سیاسیی و مەدەنیی پێشخستنی گشت کایەکانی ژیانی کۆمەڵی کوردستانن ،زەمینەی رەوتی خەباتی ژنان و ئینجا پێکھێنانی یەکێتیی ژنانی کوردستانی رەخساند ، دوای راپەڕینیش ژنان زیاتر تواناکانی خۆیان سەلماندو رێکخراوەکەشیان چالاکانەتر بووە داکۆکیکەری مافەکانی ژنان ھەر بۆیە سەرۆک مام جەلالیش ھەمیشە پشتیوان و پارێزەری ماف و بەدیھێنەری خواستەکانیان بوە .
ئەوەبو لەساڵی ٢٠٠٢ دا ھەردوو بڕیاری ٥٩ و ٦٢ ی دەرکرد کە یەکەمیان تایبەت بوو بە مامەڵەکردنی بکوژانی ژن بە بیانوی شەرەف وەک تاوانبار تا لە قانون و دەستی عەدالەت قوتار نەبن ، ئەوی تریشیان رێگری کردن بوو لەفرە ژنی . جگەلەوانەش بواری زیاتر رەخسێنرابۆ بەشداری ژنان لەناوەندەکانی بڕیار و چەندین دەزگای حکومی ومەدەنیشی بۆ داکۆکی و بەرزکردنەوەی ئاستی رۆڵی ژنان دامەزراند.
سەرەڕای ئەوانە بەداخەوە ئێستا ئاماری پێشێلکارییەکانی دژ بەژنان روو لە ھەڵکشانە وئاماژەکان ترسناک ومایەی شەرم ونەنگین.بۆیە گشت ھەوڵەکانمان زیاترچڕدەکەینەوە بۆ پارێزگاری لە مافەکانی ژنان وڕێگریکردن لەوھەڕەشە وپێشلکارییانەی بەھەر پاساو بیانویەکەوە روبەڕویان دەبێتەوە.چونکەئەو ھەڕەشە ومەترسیانەی روبەڕوی ژنان دەبنەوە بەمەترسیی ودژایەتیی بۆسەر مرۆڤایەتیی و تەواوی ناوەند و دامەزراوەکان و کوردەواریی دەزانین بۆیە چیتر ئەوانە لای ئێمە جێگەی قبوڵکردن نابێت.
لەکۆتاییدا بەرز وپیرۆز بێت ساڵیادی٨ی مارس بەرەو چەسپاندنی زیاتری ھەمو خواست ومافەکانی ژنانی کۆڵنەدەر و بەڵێنی داکۆکیکردنی بەردەوام وشیلیگێرانەمان بۆ ژنانی کوردستان دووپات دەکەینەوە .