وەزیری کارەبا: ناتوانرێت ٢٤ سەعات کارەبا بدرێت
کوردسات نیوز
٧ی ئازاری ٢٠٢٢
کەمال محەمەد وەزیری کارەبای حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، زستانی ئەمساڵ بەھۆی دابینکردنی گازی کیرۆسین کێشەی کارەبا نەبووە و رۆژانە ١٢ سەعات و ٢٠ خولەک کارەبا دابەشکراوە، لەئێستاشدا رۆژانە نزیکەی ١٣ بۆ ١٦ سەعات کارەبا بە ھاووڵاتیان دەدرێت.
وتیشی، ئەو سوتەمەنییەی وەزارەت پشتی پێدەبەستێت زیاتر غازە کە نزیکەی ٤٥٠ پێ سێ جایە و بەشی پێویست ناکات، چونکە لە ئێستادا ١٤ بۆ ١٥ یەکە لە کار وەستاون و بەھۆی نەبوونی سوتەمەنی کارناکەن.
وەزیری کارەبای ھەرێم راشیگەیاند، ھیچ کێشەی ژێرخانی کارەبا نییە، کێشەکە تەنھا دابین نەکردنی سوتەمەنییە، ئەگەر ئەنجومەنی وەزیران سوتەمەنی بۆ وەزارەت دابین بکات، دەتوانرێت بڕی تەواوی کارەبا بەرھەم بھێنرێت و ٢٤ سەعات کارەبا دابەش بکرێت.
ئاشکراشیکرد، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پلانی ھەیە لە مانگی چواری ساڵی داھاتوو غاز زیاد بکات، ئەو کاتە دەتوانن یەکەکان ئیش پێبکەن و رەوشی کارەبا بەرەو باشتر بچێت.