بافڵ جەلال تاڵەبانی: جارێکیتر رێگە نادەین سلێمانی ببێتە قوربانیی ململانێکان
کوردسات نیوز
٧ی ئازاری ٢٠٢٢
دەقی پەیامەکە...
ئەمڕۆ یادی راپەڕینی سلێمانی دەکەینەوە، یادی شارێک کە ھەمیشە سەرچاوەی وزە و ھێزی بەردەوامیمان بووە. ئەو شارەی مام بە (شارە حەیاتەکە) ناوی دەھێنا و ھەرواش دەمێنێتەوە.
سلێمانی ھەمیشە سەربڵند و شکۆمەند بووە، بێدەنگ نابێت و پاشکۆبوون رەتدەکاتەوە. لەبەرامبەر ھیچ ھێزێک خۆی نەوی ناکات و وەک چیاکانی خۆڕاگر و پتەو دەمێنێتەوە. بەردەوام لەنوێبوونەوەدایە و زیندووێتی خۆی ون ناکات. لە رۆژانی خەبات دژی زوڵم و ستەم، سلێمانی بوو رۆڵەکانی خۆی دەکردە قوربانیی ئازادی و سەرفرازی بۆ ھەموو کوردستان. لە خەباتی دیموکراسی و مەدەنیشدا ھەر خۆی سەرمەشق بووە و مێژوو شایەتی ئەم راستییانە دەدات.
دەزانین دروشمی زۆر بەرزکراونەتەوە و مژدەی گەورە بە سلێمانی دراوە، بەڵام بەمەبەست بووبێت یان نا فەرامۆشکراون. بۆیە لەم یادە پیرۆز و شکۆدارەدا بەڵێنتان پێدەدەم جارێکیتر رێگەنادەین سلێمانی ببێتە قوربانیی ململانێکان و غەدر لە سلێمانی و مێژووە پڕ لە سەروەرییەکەی بکرێت. داھاتووش روونی دەکاتەوە کوڕە دڵسۆزەکانی سلێمانی کێن و کێ شان دەخاتە ژێر باری بەرپرسیارێتییەکان.
سڵاو لە رۆحی پاکی شەھیدان
سەربەرزی و سەرفرازی بۆ خەڵکی شارە حەیاتەکە و سەرجەم خەڵکی خۆشەویستی کوردستان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
٧ی ئاداری ٢٠٢٢