شاناز ئیبراهیم ئەحمەد کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندی یەکی رێکخستنی سلێمانی(ی.ن.ک) بۆ ساڵیادی راپەڕینی شاری سلێمانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سلێمانی ھەرگیز زوڵم و زۆر و خۆسەپاندنی قبوڵ نەبووە و نابێ، سلێمانی وەک چۆن پێشەنگی راپەڕین بوو، لەئێستا و ئایندەشدا شاری رۆشنبیران و ڕای ئازادە.

دەقی پەیامەکە...
پەیامی شاناز ئیبراھیم ئەحمەد بۆ ساڵیادی راپەڕینی شاری سلێمانی
رۆژی ٧ی ئازار، ئەو رۆژەی چیتر رۆڵە نەبەردەکانی شاری ھەڵمەت و قوربانی بەرگەی زوڵم و سزادان و رەشبگیری رۆڵەکانیان نەگرت و زەبری گورچکبڕیان گەیاندە دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی بەعس لە سەرا و حامیە و ئەمنەسوورەکە و کۆتاییان بەحوکمی سەرکوتکەرانەی ئەو رژێمە ھێنا کەدەستیان سوربوو بەخوێنی لاوەکانی سلێمانی.


تا ئەمڕۆش زەماوەندی ئەو سەرکەوتنە دەکەینەوە و ھەمووان ئازادانە ئەو سرودە دەڵێینەوە کەوێردی سەر زمانی جەماوەر بوو بەژن و پیاو و گەنج و پیرەوە، کاتێ بەیەک دەنگ رووبەڕووی ئەمنە چەپەڵەکان دەبونەوە و دەیانوتەوە: دەمی راپەڕینە دەمی راپەڕین.


خەبات و بەگژداچوونەوەی چەندین ساڵەی رۆڵە خوێنگەرمەکان، شۆڕشگێڕ و تێکۆشەران، ماڵباتی پێشمەرگە و رێکخستنە نھێنییەکان، جەماوەری سلێمانی ئازادی ھێنایەدی.


ئەو بڵێسەیەش کە لەرانیەی دەروازەی راپەڕینەوە ھەڵگیرسا تائێستاش نەکوژاوەتەوە، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە سلێمانی ھەرگیز زوڵم و زۆر و خۆسەپاندنی قبوڵ نەبووە و نابێ، سلێمانی وەک چۆن پێشەنگی راپەڕین بوو، لەئێستا و ئایندەشدا شاری رۆشنبیران و ڕای ئازادە.

شاناز ئیبراھیم ئەحمەد
کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندی ١ی رێکخستنی سلێمانی(ی.ن.ک)